سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی بە راگەیاندنێکی کورت کۆتایی هات، سپی زانیاریەکانی پشت ئەو کۆبوونەوەیە بڵاودەکاتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەی کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پیرمام لە نێوان پارتی و یەکێتی سازکرا، وەفدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆمەڵێک پۆستی داواکردووە، لە نێوایاندا جێگرێکی تر بۆ سەرۆکی هەرێم و، وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستییەو، ئەو حیزبە ئەو داواکاریانە بەهێلی سور ناوزەد کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، وەفدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای کردووە جێگرێکی تر بۆ سەرۆکی هەرێم زیاد بکرێت و بدرێت بە یەکێتی بەو مەرجەی دەسەڵاتەکانی لەو جێگرەکەی دانراوە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، زیاتر بێت.

سپی زانیوویەتی ئەگەر پارتی بەمەش رازیبێت، نێچیرڤان بارزانی رێگا نادات لە پەرلەمانەوە دەنگ بەسەرۆکی هەرێم و جێگرەکانی بدرێت، ئەو جەخت دەکاتەوە تەنها سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانی دەنگی پێبدرێت و بەپێی هەموراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەو سەرپشک بکرێت لە دانانی جێگرەکانی.( ئەگەر پارتی رەزامەندی پێشان بدات،سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت).

دەربارەی ئەو وەزارەتانەی یەکێتی داوای کردووەو زۆر جەختی لێکردۆتەوە، سپی زانیوویەتی کە یەکێتی داوای هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی دەکاتەوەو بە هێلی سووری دەزانێت.

هەروەها وەفدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا داوای سێ وەزارەتی تری کردووە، بەڵام بواری هێشتۆتەوە بۆ رێکەوتن لەسەر ئەو سێ وەزارەتەو بەلایەوە وەک دوو وەزارەتی یەکەم زۆر گرنگ نییە کام لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم دەبن.

سپی زانیوویەتی کە وەفدی یەکێتی داوای بریکاری وەزارەتی دارایی و بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیان کردووە، بەدەسەڵاتی تەواوەوە، هەروەها داوای چەند بریکارێکی تری وەزارەتەکانیشی کردووە.

ئەو داواکاریانەی یەکێتی لە کابینەی نویدا، دەچیتە پاڵ ئەو پۆستانەی تر کە بەپشکی یەکێتی دادەنرێت، لەوانە سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت.

ئەمڕۆ وەفدی هەردوولا گەڕانەوە بۆ لای سەرکردایەتی حیزبەکانیان بۆئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێکهێنانی کابینەکە بدەن، بڕیاریشە رۆژی چوار شەممە جارێکی تر دوا کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێکهاتەی کابینەکە بدەن، ئەگەر گەیشتنە رێککەوتن.

 



PM:11:14:24/03/2019