پارتی پەلەیەتی لە پێکهێنانی کابینەی نوێ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت " لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە کۆتایی مانگی داهاتووشدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێن."
 
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی باسنیوز)ی نزیک پارتی ڕاگەیاندووە ”ئێمە کاری خۆمان دەکەین" و لەلایەکەوە گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە ”خەریکی کاری خۆمانین بۆ پێکهێنانی حکوومەت".
 
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی جەختیشی لەوە کردەوە کە ”تا ئاستی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەت دەڕۆین و کارەکانی پێکھێنانی حکوومەت راناوەستێتت". دواتر لە ماوەی مانگێکدا سەرۆکی حکوومەت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات بۆ دیاریکردنی وەزیرەکان و ”پێک دێن".
 
ئەندامەکەی سەرکرادیەتیی پارتی ئاشکرای کرد کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و هەر لەم مانگەدا، ”سەرۆکی هەرێم دادەنێین" و لە کۆتایی مانگی داهاتووشدا ”سەرۆکی حکوومەت" دادەنرێت.
 
لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە کە دوێنێ خوولێکی تری کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە پیرمام ئەنجامدراو بڕیارە لەم هەفتەیەشدا کۆبوونەوەیەکی تر سازبکرێت.



PM:01:38:25/03/2019