شارەوانی قەزای دوکان هۆشداری دەدات بە هاوڵاتیان


شارەوانیی قەزای دوکان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دوکانەوە داوایەکی ئاراستەی، هاوڵاتییان و خاوەنی چێشتخانە و ڤێلا و خانوو و کەپر و باخ و سەرجەم پرۆژە گەشتیاری و بازرگانییەکانی سنوری شارەوانییەکە کرد، کە خۆیان دووربگرن لە کەناری ئاوی بەنداوەکە لەکاتی بەردانەوەی دا.

 ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ئازار شارەوانی دوکان ئاماژەی بە نوسراوێکی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دوکان کردووە، 
ئاماژەی بەوە کردووە " بەهۆی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان و بەردەوامی وەرزی بارانبارین، چاوەڕواندەکرێت بەنداوەکە زووتر پڕ ببێت و، بڕی دەرچوونی ئاوی بەنداوەکە لە دەستی ئەوان نەمێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت".
 سەرۆكایەتیی شارەوانیی دوکان ئاگاداری هەموو لایەکی کردەوە، لە ناوچەی قەدەغەكراو و ڕۆخی زێی بچووك خۆتان بەدووربگرن لەو پێشھات و گۆڕانكارییانەی ڕوودەدات لەكاتی بەرزبوونەوەی ئاوی زێكە، چونكە مەترسییەكی زۆر دروستدەكات بۆ سەر موڵك و ماڵ و ژیانتان.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە، بەهۆی بارینی بارانی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی پشت بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و بەردانەوەی بەشێک لە ئاوی بەنداوەکانی ئێران، کە دەڕژێنە ناو هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخانەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نزیکبوونەتەوە لە سەرڕێژکردن و پڕبوون و بەردانەوەشی مەترسی دروستدەکات.



PM:08:54:26/03/2019