"ئەمشەو یان سبەی بەنداوی دووکان سەرڕێژ دەکات"

ئەندازیارێك لە بەنداوی دووكان رایگەیاند، تەنیا 22 سانتیمەر ماوە ئاوەی بەنداوی دوکان سەرڕێژ بکات، ئەمشەو یان سبەی بەنداوەکە بەتەواوتی پڕدەبێت.

رێڤان بورهان، ئەندازیار لە بەنداوی دووكان  لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی زۆریی بارانبارینی رۆژی رابردوو ئاستی ئاوی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو زیادی کردووە، بەجۆرێک تەنها لەماوەی 24 کاتژمێردا 38 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان بەرزبووەتەوە.

وتیشی، "ئێستا بەنداوەكە شەش ملیار ‌و 940 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدایە، واتە تەنیا 60 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پێویستە بۆ پڕبوونی تەواوەتی".

ئەو ئەندازیارەی بەنداوەكە ئاماژەی بەوەشکرد "ئاوی بەنداوەكە  510.78 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزرە ‌و بەپێی پێشبینییەكانیشمان ئەمشەو یان سبەی بەنداوەكە سەرڕێژ دەبێت".

بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی وەك یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكراوە، تەواوی بەنداوەكە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئێستا شەش ملیار ‌و940 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە. لەكاتی دروستكردنی بەنداوەكەوەش تاوەكو ئێستا بەنداوەكە یەكجار پڕبووە، ئەوەیش ساڵی 1988بووە.



AM:11:00:02/04/2019