ڤیدیۆی پڕبوونی بەنداوی دوکان لە ساڵی ١٩٨٨

ئەمڕۆ ٢ی نیسانی ٢٠١٩ بەنداوی دوکان پربوو لەئاو، ئاو سەررێژی بێلماوسی بەنداوەکە ( کونێکی کۆنکرێتی گەورەی دروستکراوە) کەوت، لە کاتی دروستبوونی ئەم بەنداوەوە ئەمە دووەمجارە پڕدەبێت.

ساڵی ١٩٨٨ بۆ یەکەمجار ئەو بەنداوە پڕبوو، ئێوارەی ئەمڕۆش بۆ دووەمجار پڕبوو. لەخوارەوە ڤیدیۆی ساڵی ١٩٨٨ بڵاودەکرێتەوە.
بەنداوی دووکان لە ساڵانی ١٩٥٤ تا ١٩٥٩ لەسەر ڕووباری زێی بچووکدا و لە پارێزگای سلێمانیی کوردستاندا دروست کراوە، ئەم بەنداوە٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی و نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر لەشاری کەرکووکەوە دوورە.

بەردی بناغەی ئەم بەنداوە لە ساڵی ١٩٥٤ لە لایەن مەلیکی عیراق مەلیک فەیسەڵەوە دانرا، لە بناغەی ئەم بەنداوەدا مەلیک فەیسەڵ فلسێکی عێراقی دانا وەک ھێمایەک بۆ ئەو سەردەمە کە بچووکترین دراوی ئەوسەردەمە بوو.
 
ئەم بەنداوە لە ساڵی ١٩٥٤ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٥٩ تەواو بوو کە لەلایەن کۆمپانیای دۆمیز بالوتی فەرەنسییەوە ئەنجام درا بە سەرپەرشتی ھەردوو کۆمپانیای بنی دیکن و کۆرلی. ئەم بەنداوە بڕی ١٤ ملیۆن دیناری ئەو سەردەمەی تێ چوو لە کاتێکا کە ڕۆژانەی کرێکارێکی ئەو سەردەمە ٢٥ فلس بوو.
بەنداوەکە، بەرزی دیوارەکەی بەنداوەکە ١١٦.٥ مەترە، درێژی بەنداوەکە ٢٦٠ مەترە، بەرزی بەنداوەکە لە ئاستی ڕووی زەریاوە ٥١٦ مەترە، ڕووبەری ئەو زەوییەی کە بەنداوەکە ئاوی ئەدات ١١٦٩٠ کیلۆمەتر دووجایە، توانای ھەڵگرتنی بڕی ٦.٨ ملیارد مەتر سێ جا ئاوی ھەیە، ئەستوورایی بەنداوەکە لە بنکەکەیدا ٥٤ مەترە و لە بەشی سەرەوەی ٦.٢٠ مەترە، وێستگەی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبای تێدا دروست کراوە لە لایەن کۆمپانیای H.P.S) Hydro Power Station) ڕووسیاوە لە ساڵی١٩٧٠.
ڤیدیۆکە.. هاولآتییەک بەناوی سەرخێلەوە بلآویکردۆتەوە..




PM:09:01:02/04/2019