فازڵ میرانی زانیاری لەبارەی چۆنێتی پێکهێنانی حکومەت ئاشکرادەکات

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بە دروستكردنی لیژنەی هاوبەشی نێوان حزبەكان دەكات بە مەبەستی تاوتوێ‌ كردنی بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی كوردستان و دەڵێت "گرینگ نییە كێ‌ چ وەزارەتێكی وەرگرتووە گرنگ ئەوەیە حكوومەت پێكبێت و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرین".

ئەمڕۆ چوارشەمە 3ی نیسانی 2019، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، یەكێتی بڕیاریداوە بەشداری لە حكوومەت بکات، بۆیە پێمان وایە لە وەزارەت گرینگتر ئاشتیی و یەكڕیزییە و وتی، گرینگ نییە كێ‌ چ وەزارەتێكی وەرگرتووە گرنگ ئەوەیە حكوومەت پێكبێت و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرین.

میرانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتی، قۆناغی دوای ئێستە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستانە كە مەسروور بارزانییە. 

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لیژنەیەك لەنێوان ئەو حزبانە پێكدەهێنرێ‌ كە بڕیارە بەشداری لە حكوومەت بكەن بۆ تاوتوێ كردنی بەرنامەی حكوومەت و سی ڤی ئەو كەسانەی لە حكوومەتی داهاتوو پۆست وەردەگرن.

ئەو قسانەی بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی پەسەند كرد و بەو پێیەیش بەشدار دەبێ‌ لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان. 



PM:07:12:03/04/2019