وتەبێژی یەكێتی شێوازی‌ رێككەوتنی حزبەكەی‌ و پارتی‌ ئاشكرادەكات

وتەبێژی‌ فەرمی یەكێتیی وردەكاریی ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی‌ ئاشكرادەكات و دەڵێت"بەشداریمان لەحكومەت هیچ پەیوەندیەكی‌ بەهەڕەشەكانی‌ مەسعود بارزانیەوە نییە".

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەكێتیی لەبارەی ڕاگەیاندنی ڕێكەوتنی نێوان پارتی و یەكێتیی ڕایگەیاند، گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتنێكی بنەڕەتی و هەندێكی هێشتا ڕەنگە مابێتی تانوپۆكەی خۆی وەرگرێ و دەڵێت "ئەو ڕێككەوتنەمان لەسەر بنەمای خاڵبەندیە نەك لەسەر بنەمای شتی‌ دیكە، باشترین بنەماش كە ڕێكەوتنەكەمان لەسەر كرد بنەمای یەكێتیانەو پارتیانە بوو".

وتەبێژی‌ یەكێتیی ئاماژە بەوەشدەكات، "لەم لێكتێگەیشتنەدا یەكێتیی ئەوەی بەخشی كە شتێك هاتەخوارەوە لەلیستی یەكەمی داواكارییەكانی كە پێشكەشی كردوەو پارتیش ئەوەی بەخشی كە شتێك سەركەوت، بەوەش هەردولامان نەرمیمان بۆ یەكتر نواند لەبەر بەرژەوەندی میللەتەكەمان، هەردولاشمان براوەبوین".

لەبارەی‌ داواكاریی‌ یەكێتیی بۆ جێگری‌ سەرۆكی‌ هەرێم، وتەبێژی‌ یەكێتیی لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەشی‌ كوردی‌ دەنگی‌ ئەمریكا ڕەتیكردۆتەوە، لەهیچ بڕگەو كۆبونەوەیەك داوای پۆستی جێگری‌ سەرۆكی هەرێمیان كردبێت، بەڵام وەكو دەڵێت "بەدڵنیاییەوە لەسەرۆكایەتی هەرێم پۆستمان دەبێت، ئەگەر پێویستی بەهەمواری یاسایی یا دەرچەی یاسایی هەبێت، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ برادەرانی پارتی بۆی دەدۆزینەوە بەگوێرەی‌ ڕێككەوتنەكەمان".

جەختیشیكردەوە، "بەگوێرەی‌ لێكتێگەیشتنەكە بایی ئەوەندە بەشداریمان دەبێت كە لەبڕیاردان و جێبەجێكردنی بڕیارەكان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیەكان و وەرگرتنی مافەكانمان، بەشدارێكی كاریگەربین".

وتەبێژی‌ یەكێتیی ڕەتیكردۆتەوە، بڕیاری یەكێتی بۆ بەشداریكردن لەحكومەت پەیوەندی بەهەڕەشەكانی‌ مەسعود بارزانیەوە هەبێت، دەڵێت "ئێمە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانمان لەنێوان وەفدی دانوستانكاردا بەردەوامبوو، لەوكاتانەش ئەو قسانەكرا ئێمە هەر لەپەیوەندیدا بوین، هەمومان دەمانزانی لەكۆتا كاتژمێرەكانداین یا دەگەینە ڕێككەوتن یا ناگەینە ڕێككەوتن".



AM:09:37:04/04/2019