سەرۆك باندی دزیەكەی نەخۆشخانەی شار دەستگیر دەكرێت

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند سەرۆك باندی دزیەكەی نەخۆشخانەی شار دەستگیراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە. 

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند  دوایین كەس و سەرپەرشتیاری باندی دزیەكەی نەخۆشخانەی شار لە ناحیەی قادركەرەمی سنوری كەركوك دەستگیركراوە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی "ئەو كەسە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر بەندە".

بەگوێرەی زانیاریەكانی "سپی" ئەو كەسە ناوی‌ "شاهۆ مەحمود ئەحمەد"ەو سەرپەرشتیار و دوا كەسی ئەو باندەیە كە موچەی نەخۆشخانەی شاریان دزی دوای‌ دەستگیركردنی‌ ئەندامانی‌ دیكەی‌ باندەكە، ئەو كەسە بۆ سنوری‌ كەركوك هەڵاتوە.

بەگوێرەی زانیاریەكان هێزەكانی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ بەهاوكاری‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامداوە و توانیویانە ئەوكەسە دەستگیربكەن.

هەر بەگوێرەی زانیاریەكان ناوبراو پێشتر لەسەر تاوانی كوشتن بەمادەی 406 حكومدراوە بەزیندانی هەتاهەتایی، بەڵام لەدەرەوەی یاساو دادگاكان بەلێبوردنی گشتی ئازادكراوە.



AM:10:43:04/04/2019