حكومەتی هەرێم لەبارەی دەوامی فەرمانبەرانەوە بڕیاریدا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، چوار بڕیار لەبارەی دەوامی فەرمانبەران دەردەكات و فەرمانیش بە وەزارەت و دەزگاكان دەكات، ناوی ئەو فەرمانبەرانەی كە زیادەن، بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێردرێن.

بەگوێرەی نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بەژمارە "1774" كە واژۆی نێچیرڤان بارزانی لەسەرە تیایدا هاتووە "بەلەبەرچاوگرتنی باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم و نەمانی سیستمی پاشەكەوت و بەرژەوەندی گشتیی و ڕاییكردنی كاروباری هاوڵاتیان، پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ پابەندكردنی فەرمانبەرانیان بەدەوامی فەرمییەوە بەپێی كاتەكانی دیاریكراوو ڕۆژەكانی دەوام بەو شێوەیەی كە یاسا دیاریكردووە".

هەر لە نوسراوەکەدا ئاماژە کراوە بە ئەم چوار بڕیارەی لای خوارەوە:

- توندوتۆڵكردنی ڕێكارەكانی تایبەت بەمۆڵەتی فەرمانبەران.

-گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی بەرامبەر ئەو فەرمانبەرانەی پابەند نابن بەدەوامی فەرمیەوە.

-پابەندبوونی تەواو بەبڕیاری ژمارە 1ی ساڵی 2002ی پەرلەمان بەوەی، هەر فەرمانبەرێك بەبێ هەبووی پاساوی ڕەوا بۆماوەی 30 ڕۆژ لەكاردابڕا دەبێت فەرمانی لەكارلادانی بۆ دەربكرێت.

-هەر وەزارەت و دامودەزگایەك ناوو ژمارەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی كە زیادن لەمیلاكیان ئامادەبكەن، لەگەڵ جیاكردنەوەی ناوو ژمارەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی كە تەنها موچە وەردەگرن و هیچ شوێن و ئەركێكیان نییە بەهیچ شێوەیەك دەوام ناكەن و بۆ ئەم سەرۆكایەتیەی بنێرن.


PM:05:57:04/04/2019