ئەمریكا بە مەرج پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات

دینیس ناتالی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ململانێكان و پرۆسەكانی سەقامگیری ئاشكرایدەكات كە وڵاتەكەی بە مەرجی رەزامەندبوونی بەغدا، پشتیوانی لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكات.

دینیس ناتالی لە میانی بەشداریكردن لە دیبەیتێكی تایبەت بە سەربەخۆیی گەلان لە واشنتۆن رایگەیاند سیاسەتی ئەمریكا پشتیوانیكردنە لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتان.

ئەوەشی خستەڕوو واشنتۆن دژی سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستانە لە عێراق و لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند كە ئەمریكا دژی سەربەخۆیی كوردستان نابێت، ئەگەرهاتوو حكومەتی بەغدا رەزامەندی لەسەر بدات.

لایخۆشیەوە پیتەر گالبرێس دیپلۆماتكاری پێشووی ئەمریكا رەخنەی لەو سیاسەتە گرت كە وڵاتەكەی لە پرسی سەربەخۆیی گەلاندا پەیڕەوی دەكات و راشیگەیاند پێویستە واشنتۆن دژی توندوتیژی بوەستێتەوە و ئەو سیاسەتەی بەرامبەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتانیش پەیڕەوی دەكات "هەڵەیەكی ستراتیژییە".

لە دیبەیتەكەدا هەریەك لە ناتالی و گالبرێس هاوڕابوون كە باشترین رێگە بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنی هەولێر و بەغدایە لەسەر ئەو پرسە.

رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق و بێ گوێدانە هۆشداری و هەڕەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا و دواتر كورد كۆنترۆڵی زیاتر لە 50%ی خاكی باشووری لەدەستدا.



PM:02:45:07/04/2019