فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه رایگەیاند، ئەگەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم کەسێک لە گۆڕان وەریبگرێت و ببێتە بەرپرسی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، "بەهیچ جۆرێک وه‌ك هێزی حه‌فتا گوێی لێ ناگرم".
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە "ئه‌و لێكتێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا كراوه وه‌ك خۆیه‌تی و جێگیره هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، لەئێستادا پارتی ئێستا سه‌ردانی حیزبه‌كانی تر دەکات وه ڕه‌نگه هه‌ندێك كێشه‌شیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه دواخرا به‌ڵام ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌جێگه‌ی خۆیه‌تی و له‌م ڕۆژانه‌شدا كۆتایی پێدێت".
وتیشی "بەرژەوەندی خەڵک لەسەرو هەموو شتێکەوەیە و ئەو دۆخەی لەماوەی ڕابردوو ڕویدا خەڵک زۆر لە دڵەڕاوکێ و نا ئارامیدا بوو، چونکە پەیوەندی پارتی و یەکێتی کاتێک بەرەو تێکچوون دەڕوات وەک پەیوەندی نێوان لایەنەکانی تر نیە لەبەرئەوەی تێکچونی پەیوەندییەکانیان دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر "ئەمنیەت " و هەموو دۆخەکان ڕه‌نگە ئێمە لەزۆرشت وازمان هێنابێت لەبەر بەرژەوەندی خەڵک، لەپۆستی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بڕیارە بدرێتە یەکێتی جا ئەگەر یەکێک بوو یا بووە دوو جێگر ئەوە جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان دەبێت بدرێتە یەکێتی".
شێخ جەعفەر سەبارەت بەوەی بۆچی یەکێتی پێداگری دەکات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم؟ دەڵیت " ئێستا لەگۆڕەپانەکەدا پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزن(هێزی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس) لەبەر ئەوە، ئەو پۆستانەی پەیوەندی بەهێزی چەکدارەوەیە یا دەبێت یا لەژێر دەسەڵاتی پارتی بێت یاخود لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا بێت، هەم بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و یەکخستنەوە و دروستکردنی سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، ئاسایشی یەکگرتوو، وە پۆلیسی یەکگرتومان هەبێت بۆ ئەم هەرێمە تا ئەم هێزانەمان بە یەکگرتووی هەبێت، گۆڕانیش هێزی چەکداری نییە و هێزی چەکدار لەلای پارتی و یەكێتیە لەبەر ئەوە دەبێت ئەوان بڕیار بدەن لەسەر هەنگاوەکانی یەکخستنەوە و یەکگرتن لەبەر ئەوە هەتا ئێوارە لایەنێکی تر بێت بڕیار لەسەر هێزی پێشمەرگە و هێزی حەفتا بدات من خۆم یەکێک لەوانەی گوێی لێ ناگرم، خۆ ئەگەر ڕوویدا جێگری سەرۆکی هەرێم( لەپشکی گۆڕان ) ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم چونکە ئەو نە پەیوەندی پێوە هەیە نە دەتوانێت بڕیار بدات، من دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوە ئەو چۆن دەتوانێت؟".
دەشلیت "ئەمڕۆ واقیعێک هەیە هێزەکان لای پارتی و یەکێتین دەبێت ئەوان بڕیار بدەن چۆن کەسێکی تر لەلایەنێکی تر لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە بێت بڕیار لەسەر پارتی و یەكێتی بدات بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانیان، ئەمە واقیعە خۆ ئەوە بە زۆرە ملێ نابێت".
سەبارەت بە نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بە پێدانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم بە یەکێتی؟ بەرپرسی هێزەکانی یەکەی حەفتا وتویەتی " ئێمە حەقی گۆڕانمان نیە ئێمە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتن دەکەین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە نە قسە نە ڕێککەوتن دەکەین، گۆڕانیش لەگه‌ل ئێمە ڕێکەوتنی نەکردووە، جا گۆڕان نەیەت ڕاوێژ بە ئێمە بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت ئێمەش ناچین بۆ لای ئەوان هەردولامان بەجیا لەگەڵ لایەنی پێکهێنەری حکومەت کە پارتییە، ڕێکدەکەوین".
شێخ جەعفەر ڕەتیکردەوە یەکێتی چاوی لەسەر پۆستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت و وتویەتی" پارتی به‌ڵێنی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی پێداوین و له‌هه‌مواری یاساشدا جێگری ده‌كه‌ن ".
ئەو ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری هێزه چه‌كداره‌كان دراوه به‌یه‌كێتی و وتی"ئێمە هیچ کات لەکۆبونەوەکانماندا لەگەڵ پارتی قەت نەچوین داوای پۆستێکی بزوتنەوەی گۆڕان بکەین ئەوەی دەڵێت وایە یا ئەوە پۆستی گۆڕانە و ئێمە چاومان لێیەتی ئەوە بوختانە و ە"درۆ-ش" دەکات، بۆشاییەک هەیە لەهەرێمی کوردستان کە نەبونی سەرۆکی هەرێمە بۆیە پێویستە سەرۆکێک بۆ ئەم هەرێمە دیاری بکرێت و پارتی به‌ڵێنی پێداوین یه‌كێك له‌پۆسته‌كان جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری هێزه چه‌كداره‌كانه ته‌واو ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه له‌گه‌ڵ پارتی وه ده‌بێت له هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش جێگیر بكرێت".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پارتی ده‌یه‌وێت یه‌كێتی ڕازی بكات به یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری هێزه چه‌كداره‌كان له‌بری جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم؟ شێخ جه‌عفه‌ر ڕه‌تی كرده‌وه و ڕایگه‌یاندوە "رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه ته‌واو بوو ئه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌ر له‌نوێ دانوستان ده‌ستی پێكرده‌وه دیاره شتی نوێ دێته‌پێش".
هەروەها ئەوەشی تووە کە"ئێمە لەگەڵ پارتی گەیشتوینەتە ڕێککەوتن لەم چەند ڕۆژەدا واژۆ دەکرێت ئەوەی لەسەری گەیشتوینەتە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن ئەگەر هەر پاشگەزبونەوەیەکی تێدا بێت سەرلەنوێ دەبێت دەست بکەینەوە بە دانوستان و وتووێژ ئەویش خوا دەیزانێت چەندی تر دەخایەنێت، هەرچەندە من پێم وانیە پارتی پاشگەزبێتەوە وە ئێمەش هەروا بۆیە دەگەینە ڕێککەوتن و پارتی بە دڵنیایی ڕازی بووە بە پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان بە یەکێتی".
دەربارەی ئەو پۆستانەی یەکێتی وەریدەگرێت، شێخ جەعفەر ئاشکرای کردوە" جگە لەشەش وەزارەت، پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم، جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان هەروەها چەند دەستەیەکیش وەردەگرین، بەڵام هێشتا کاندیدەکانمان دیاری نەکردووە و باسی ئەوەمان نەکردووە کێ لە چ پۆستێک دادەنرێت".