بلآوکردنەوەی وێنەی تۆمەتباران لەلایەن ئاسایش‌و میدیاکانی یەکێتی یەوە سەرپێچیە

بلآوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی ئەو تۆمەتبارانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی یەوە لە چەند رۆژ رابردوودا دەستگیرکران و، دواتر پێشاندانیان لە میدیاکانەوە وەک خۆیان بەبێ " فلوکردنیان " دژی یاساو دژی ئێتیکی رۆژنامەوانییە.

شوان محەمەد سەرنووسەری سپی میدیا رایگەیاند" ئەو کارەی ئاسایشی سلێمانی و هێزە ئەمنییەکان ئەنجامی دەدەن لە پێشاندانی وێنەی تۆمەتبارانی روو داوەکەی چەند رۆژی رابردوو، دژی یاسا و ئێتیکی رۆژنامەوانییە".

لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئاسایش و میدیاکانی یەکێتی وێنەو ڤیدیۆی سێ تۆمەتباریان بلآوکردەوە کە تۆمەتباران بە کوشتنی چەند هاولآتییەک و دزینی چەندان ئۆتۆمبیل، سەرنوسەری ماڵپەری سپی میدیا، پێیوایە بلآوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی ئەو تۆمەتبارانە وەک خۆیان و پێشاندانی دەمووچاویان کە دیاردەیەکی نوێیە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانەوە، سەرپێچی یاساییە، چونکە هێشتا  دادگا حوکمی کۆتایی لەو دۆسیەکەیاندا نەداوە.

شوان محەمەد جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە جگە لەو سەرپێچییە یاساییەی ئاسایش ئەنجامی داوە، هاوکات ئەو میدیایانەی یەکێتی کە وێنەو ڤیدیۆی ئەو تۆمەتبارانەیان وەک خۆی بەبێ " فلوکردن " بلآوکردۆتەوە، دژی پرەنسیپە جیهانییەکانی کاری رۆژنامەوانییە.

سەرنوسەری سپی میدیا، لە کاتێکدا دەستخۆش لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم کرد کە تۆمەتبارانیان دۆزیوەتەوەو دەستگیریان کردوون، بەلآم ناکرێت دڕندەی تاوانەکە چەند بێت، ببێتە پاڵنەر بۆ بلآوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تۆمەتباران پێش بڕیاری یەکلایی کەرەوەی دادگا.

شوان محەمەد داوا لە رێکخراوەکانی بواری میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات لەسەر ئەم دیاردە نوێییە بێنە دەنگ و تا ببنە فشار بەسەر هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سنوردانان و رێگرتن لە بلآوکردنەوەی ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە.

لە رووداوی دزینی پارەی مووچەخۆرانی نەخۆشخانەی شارو رووداوی کووشتنی دوو هاولآتی و دزینی ئۆتۆمبیلەکانیان، هێزە ئەمنیەکان وێنەو ڤیدیۆی تۆمەتبارانیان بەبێ هیچ دەستکاریەک بلآوکردەوە. 
  
 

PM:08:25:09/04/2019