رای گۆڕان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم گٶڕدراوە

میدیاکانی نزیک پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رای بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەبێ ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە خۆی هیچ لێدوانێک بڵاوبکاتەوە.
هەوڵەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ رازیکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو جێگری هەبێ بەردەوامە. گۆڕانیش بۆ رازیبوون بەو داوایەی پارتی مەرجی هەیە.
 
رووداو لە راپۆرتێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە چەند رۆژی رابردوودا نێچرڤان بارزانی، بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و گۆڕان قسەی کردووە و داوای لێکردوون لەسەر ئەو پۆستە پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم پەکنەخەن. بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەو پەیوەندیی و گفتوگۆیانە بۆچوونی گۆڕاوە، بەڵام هێشتا بۆ زیادکردنی ئەو پۆستە مەرجی هەیە.
مەرجەکەشی لەوەدا کۆدەبێتەوە کە نابێت هەموو دەسەڵاتە سەربازییەکان لەدەستی یەک لایەن، یان دوو لایەندا کۆبکرێتەوە.
هەروەها باس لەوە کراوە، پارتی دەیەوێ لەنێوان داخوازی یەکێتی و رەتکردنەوەی گۆڕاندا چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ پرسی دوو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کورددستان بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەش وەک وتەبێژی پارتی دەڵێت، داوایان لە هەردوولا کردووە تێگەیشتنیان بۆ بارودۆخەکە هەبێت و لەنێو خۆیاندا رێکبکەون.

مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی بە رووداوی گوت "مەکتەبی سیاسی پارتی بە ئامادەبوونی کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسروور بارزانی کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئێمە کێشەمان لەسەر زیادکردنی جێگر یان نەبوونی جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە، ناشمانەوێ بۆچوونی خۆمان فەرزبکەین. بەڵام هەردوولاش (یەکێتی و گۆڕان)دەبێ لەوە تێبگەن کە چیدیکە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە بەرژەوەندی کوردستاندا نییە".

بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەو پەیوەندیی و گفتوگۆیانە بۆچوونی گۆڕاوە، بەڵام هێشتا بۆ زیادکردنی ئەو پۆستە مەرجی هەیە.
پێشتر گۆڕان رازینەبوو کە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بکرێن بەدوو، هەروەها یەکێتیش جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەوان پۆستێکی جێگری سەرۆکی هەرێمیان دەوێت و بە پشکی خۆیانی دەزانن. 



PM:11:31:17/04/2019