ترەمپ بەخشینی وڵاتان لە سزاکانی سەر ئێران درێژ ناکاتەوە

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا رایدەگەیەنێت، لە دووی ئایاری ئەمساڵەوە حكومەتی واشنتن ئەو وڵاتانە نابەخشێت كە نەوت لەئێران دەكڕن و بەتەواوی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە ڕادەگرێت.

کۆشکی سپی لە زاری سەرۆکی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بەخشینی وڵاتان لە سزاکانی سەر ئێران کە مانگی پێنج کۆتایی دێت درێژ نەکاتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئنماژە بۆ ئەوەکراوە "مەبەست لە بڕیارەکە وەستاندنی هەناردەی نەوتی ئێرانە بە تەواوەتی و نەهێشتی سەرچاوە سەرەکییەکانی رژێمە".

هاوکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند هەر وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت، سزا دەدرێت، وتیشی "لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانمان رێککەوتوین تاکو کورتهێنانی بازاڕەکان پڕبکرێنەوە".

لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو، ترەمپ بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران کە کەرتی نەوت و وزەی گرتەوە سەپاند، بەڵام هەندێک وڵاتی لەو سزایە بە شێوەیەکی کاتی بەخشی کە عێرق و تورکیاشی گرتەوە.


PM:05:09:22/04/2019