سەرۆكی‌ دەستەی‌ مافی‌ مرۆڤ: نە حكومەت و نە دادگاو نە هیچ كەس گوێ لەمن ناگرێت

سەرۆكی‌ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێم جەخت دەكاتەوە لەوەی پێكنەهێنانی‌ حكومەتی‌ هەرێم لەدوای‌ ئەو ماوە زۆرە لەهەڵبژاردن، پێشێلكردنی‌ مافی‌ مرۆڤە" و دەشڵێت "نە حكومەت و نە دادگاو نە هیچ كەس گوێ لەمن ناگرێت".

زیا بترۆس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان لەدیدارێكدا لەگەڵ بەشی‌ كوردی‌ دەنگی‌ ئەمریكا هەڵوێستی‌ لەسەر پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێم ئاشكراكردوەو تەئكیددەكاتەوە، "كە تائێستا حكومەت پێكنەهاتوە، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو دەنگدەرانەیە كە چونەسەر سندوقی دەنگدان".

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات"ئەو تەوافوقەی ئێستا دەكرێت دیسانەوە پێشێلكردنی دیموكراسی و مافی مرۆڤە، چونكە ئەمە پێشێلكاری مافی مرۆڤە كە چەند مانگە ئەم لایەنانە كۆدەبنەوەو ناگەنە ئەنجام و شتی دیكە بەدوایدادێت".

بترۆس پێیوایە، لایەنەكان دەیانەوێت گۆڵ لەیەكتر بكەن، "ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت هیچ كام لەوانە فكرەی ڕاستەقینەی تەوافوقیان نییە، ئێ ئەوە كەی وڵاتە؟ چۆن دەبێت شتی وا؟".

هەروەها دەڵێت "نە حكومەت و نە دادگاو نە هیچ كەس گوێ لەمن ناگرێت، لەبەرئەوەی كەسێكی سەربەخۆم، لەوڵاتانی وەك ئێمە نەك هەر كوردستان، لەعیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش فكرەی سەربەخۆبون هەر قبوڵناكەن، ئەگەر حزبی نەبیت و كەست لەپشت نەبێت و لەكەمینەكانیش بیت بەتایبەت لەكریستیان، نمونەی‌ وەك من، بەخوا هەر گوێی لێناگرن هەزار شتیشی بۆ دروستدەكەن".



AM:09:31:25/04/2019