هەفتەی داهاتوو ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی واژۆ دەكرێت

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە و رێككەوتنی كۆتایی رادەگەیەندرێت.

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی، دەشڵێت، پێشتر‌ لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی سیاسییان كردووە،‌ ئەو رێككەوتنەی ئێستاش دەكرێت، رێككەوتنە لەسەر پۆستەكان.

وتەبێژی پارتی تیشكی خستە سەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كە لەسەر جێگری سەرۆكی هەرێم رێككەوتبوون. كە ئەو پۆستە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، لە دواییدا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای ئەو پۆستەی كرد، كە بكرێت بە دوو جێگر، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان رازی نەبوو كە داوای یەك جێگری دەكرد بۆ سەرۆكی هەرێم.

مەحموود محەمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو گرفتەی هاتە بەردەم كۆبوونەوەكان، ئێمە‌ ویستمان بە رازی بوون و بە پێكەوەبوون كار بكرێت، نەك لە ژێر گوشاردا بێت، بۆ ئەم مەبەستە زەمەنێكی زیاتر لە پێویستمان دایە گفتوگۆكان، هەروەها بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەكان دروست ببێت، هەروەها ئەو لێكتێگەیشتنە لە هەفتەی داهاتوودا كۆتایی پێ دێت، بە شێوازێك هەرسێ لایەن رێكدەكەوین".

زیاتر لە شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچووە و تا ئێستا لایەنەكان ڕێككەوتنی كۆتاییان بۆ پێكهێنانی حكومەت واژۆ نەكردووە.



PM:12:54:25/04/2019