پشكی حاجیانی هەرێم زیاد دەكرێت

پشكی حاجیانی هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت و وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاشكرای دەكات بۆفەریزەی حەجی ئەمساڵ پێویستە هەر حاجیە بری 4 هەزار و 200 دۆلار بدات.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رایگەیاند: دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەردانی سعوودیەی كرد، داوای كرد ژمارەی سەردانیكارانی هاووڵاتیان زیاد بكرێت لەو رێژەیەی كە عێراق بۆی دیاری كراوە، كە 50 هەزار هاووڵاتیی عێراقی سەردانی عەرەبستانی سعوودیە دەكەن.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، لەو رێژەیەی كە زیاد كراوە بۆ عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان بۆ دوو هەزار هاووڵاتی زیاد كرا، تاوەكو ئێستا بە نووسراوی فەرمی بە دەستیان نەگەیشتووە،‌ بەڵام بە شێوەیەكی مەبدەئی ئەو رێژەیە بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بووە.

دەربارەی بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیانیش رایگەیاند: مامەڵەی 4880 حاجییان‌ تەواو كردووە‌، مامەڵەی دوو هەزار حاجییەكەی تر تاوەكو ئێستا تەواو نەبووە، كە 10 تا 15 رۆژی تر دەست بە مامەڵەكان دەكرێت و ناوی ئەو دوو هەزار هاووڵاتییەش دیاری دەكرێت.

نەبەز ئیسماعیل ئەوەشی رونكردۆتەوە، هەر حاجییەك ئەمساڵ پێویستی بە بڕی 4 هەزار و 200 دۆلارە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.


PM:05:18:28/04/2019