پشكی وەزارەتەكانی یەكێتی لە کابینەی نوێی حکومەت ئاشكرا دەکرێت

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرجەم ئەو وەزارەتانە ئاشكرادەکات کە بەر حزبەکەی دەکەون لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمیدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند،  یەكێتی 6 وەزارەت لەم كابینەیەدا وەردەگرێت، لەگەڵ هەریەك لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی هەریمَ و جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك دەستە و بریكاری وەزارەت.

وتیشی، هێشتا هیچ ناوێك بۆ كاندیدی پۆست و وەزارەتەكان بەتەواوی یەكلا نەكراونەتەوەو ئەوەش نابێتە كۆسپ و هەركاتێك پێویست بكات یەكێتی پێشكەشی كابینەی دەكات.

لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، كە یەكێتی پشكی وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، كشتوكاڵ، پلاندانان، رۆشنبیری، وەزارەتێكی هەرێم) بەردەكەوێت، لەگەڵ ژمارەیەك بریكاری وەزیر و دەستە.

راشیگەیاند، كە بۆ پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆست و وەزارەتەكان مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوە دەكات.

وتەبێژی یەكێتی باسی لەوەشکردووە، سەرباری ئیمزاكردنی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی كۆمەڵیك وردەكاری دیكە ماون،  تا ئێستا قسەمان لەسەر نەكردووە و لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا تاووتوێیان دەكەین.




PM:07:49:05/05/2019