وەزیری شارەوانی و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە مژدەیەکی خۆش بە خاوەن خانووەکانی گوندی کۆری
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند "ئەگەری ھەیە ئەمڕۆ یان سبەی، مژدەیەکی خۆش بە بەشداربوانی گوندی کۆری بدرێت، بڕیارێکی گونجاویان بۆ دراوە و بڕیار و پێشنیازەکان بۆ چارەسەر لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پەسند کراون".
پڕۆژەی گوندی کۆری لە ساڵی 2014 بەپێی رێککەوتنێکی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور لە ھەولێر لەسەر ڕووبەری ھەزار و 592 دۆنم زەوی دەستی پێ کرد، بە مەبەستی دروستکردنی 6 ھەزار و 512 خانوو لە ھەولێر.
لە ماوەی ئەم دووساڵەی دواییدا بەشێک لە خانووەکان دابەش کران، بەڵام تا ئێستا ھەندێک لە خانووەکان دروست نەکراون و دەنگۆی ئەوە ھەیە کە لەبری دروستکردنی خانوو، خاوەنەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.