پارتی رێگا نادات لە کابینەی نوێدا ژمارەیەک بەرپرسی خۆی بەشداربن

پارتیی دیموكراتی كوردستان بەشداریپێکردنی ئەو کادیرانەی پێشوو پۆستیان هەبووە لە کابینەی نوێدا قەدەغە دەکات.
 
 ڕێبوار بابكەیی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" "ئەوكەسانەی لەكابینەی هەشتەم پۆستیان وەرگرتوە، لەكابینەی نۆیەم پۆستیان پێنادرێت، مەسرور بارزانی كاندیدی ڕاسپێردراوی پارتی بۆ كابینەی نوێ، ڕۆڵی سەرەكی دەبێت و ڕوانگەی جەنابیان لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدەكان زۆر گرنگە، چونكە ئەوكەسانەی دیاریدەكرێن وەكو تیم لەگەڵیدا دەبن".

ئەو بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە "دیاریكردنی كاندیدەكان بابەتێكی هونەریەو پەیوەستە بەپارتیەوە، بەڵام ئەو كاندیدانەی لەڕاگەیاندنەكانەوە دەوترێن بەشێكی ڕاستیان تێدایە، هەرچەند تەواوی ڕاستییەكان نیین، چونكە ئەگەری هەیە لەئان و ساتدا كاندیدێك بەكەسێكی دیكە بگۆڕدرێن".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاشكراشیدەكات، "لەناو پارتی خەڵكی تەكنۆكرات زۆرەو ئەوانەی تائێستاش باسدەكرێن بۆ وەرگرتنی پۆست هەیە هیچیان لەكابینەی هەشتەم وەزیر نەبون، دوا بڕیاریش بڕیاری مەسرو بارزانی و ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەبێت".
 



PM:09:03:10/05/2019