ئومێد خۆشناو: نێچیرڤان بارزانی 91 دەنگی مسۆگەرە

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت نێچیرڤان بارزانی كاندیدی گۆڕان و یەكێتیشە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم و 91 دەنگی مسۆگەرە.

ئومێد خۆشناو، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند "ئەو كاندیدەی ئێمە هەمانە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم  نێچیرڤان بارزانییە، بەپێی ڕێككەوتنمان لەگەڵ لایەنەكان، ئەو كاندیدەی ئێمە كاندیدی (پارتی، گۆڕان، یەكێتی)یە چونكە ڕێككەوتوین كە بەوجۆرە بێت لەگەڵ ئەوەشدا كاندیدی هاوپەیمانەكانمانە كە پێكهاتەی ئەو وڵاتەن، واتە ئێستا كاندیدی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندیدی قەوارەیەكە، گروپێكە كە لە ئەنجامدا 91 دەنگی كورسی پەرلەمانی هەیە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی: لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ فراكسیۆنەكان هیچ قسەیەكمان نەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە گفتوگۆ و قسەمان دەبێت.

هەروەها وتیشی "دوای سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێم، لەكۆبونەوەی پەرلەماندا ئێمە وەك فڕاكسیۆنی زۆرینە كاندیدی خۆمان بۆ سەرۆكی حكومەت پێشكەش دەكەین كە لە پەیڕەوی ناوخۆدا پێی دەوترێت پڕۆسەی(ناوزەد) كردن، دواتر ناوەكە دەدرێتە سەرۆكی هەرێم پاش ئەوەی سەرۆكی هەرێمیش بەفەرمی كاندیدی سەرۆكی حكومەتی ڕاسپارد بەپێكهێنانی حكومەت، سەۆكی حكومەتی ڕاسپێراو 30 ڕۆژی لەبەردەمە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی دواتر لەپەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت و سوێندی یاسایی دەخۆن".



PM:01:24:14/05/2019