سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بەیەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا كە وێنەیەكی بۆ سی نێردراوە تیایدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە"ئەزمونی دیموکراسی سەلماندی کە گەلی کوردستان نەک هەر توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە، بەڵکو ئەزموونەکەی بوەتە نمونەی پێکەوەژیان و فەزای ئازادو دیموکراسی و ئازادی دەربڕین لە ناوچەیەک کە هەمو ئەو بنەمایانە ونن و هەمویان لەخەوی شەڕو گەڕانەوەی مۆنۆپۆلن".

دەشڵێت، ئەو ڕۆژە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بو لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان، لە یەکەمین ئەزمونی رزگاریی میللەتی کوردستان، راستەوخۆ پەنای بۆ ئامڕازە دیموکراسییەکان برد بۆ یەکلاییکردنەوەی رکابەرییەکان و پێشڕەوایەتی و ئیدارەکردن و مافی گفتوگۆکرن لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و وڵات.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردووە "لەو رۆژەوە بناغەی دەوڵەتداری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان جاڕدرا، وەڵامی هەمو ئەوانه‌ش درایەوە کە پێیان وابو گەلی کوردستان ناتوانێت ئیدارەی خۆی بکات و شارەزایی پێشکەوتنەکانی نییە، بەڵام ئەزمونە دیموکراسییەکەمان بۆ دۆست و دوژمنان سەلمێندرا، کە گەلی کوردستان نەک هەر توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە، بەڵکو ئێستا ئەزمونەکەمان بوەتە نمونەی پێکەوەژیان و فەزای ئازادو دیموکراسی و ئازادی دەربڕین لە ناوچەیەک کە هەمو ئەو بنەمایانە ونن و هەمویان لەخەوی شەڕو گەڕانەوەی مۆنۆپۆلن".

ئەوەش هاتووە "پەرلەمان دەبێت هەمیشە بەشێک بێت لە چارەسەر بۆ سەرجەم لایەنەکان و چەتری کۆکەرەوەى گشت لایه‌نه‌كان و قوڵترکردنەوەی گیانی کاری پێکەوەیی و قوڵترکردنی کەلتوری دیموکراسی و دیالۆگ و بەرزڕاگرتنی بەرژەوه‌ندیی گەل و نیشتیمان لەسەروو هەمو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە بێت".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا سەرۆکایەتی پەرلەمان باسی لەوەشکردووە" پێویستە هەموان پابەند بین بەو بنەمایانە بۆ مامەڵەکردن و دەرفەتی زیاتری پێکەوەیی بون، هەموان هەوڵی پەرەپێدانی زیاتری دیمواکرسی و هەڵبژاردن و ئازادیی زیاتر بدەین بە پێگیریبون بە بنەما یاساییەکان و پێشێلنەکردنی ماف و ئازادییەکان، بۆئەوەی هەمیشە کوردستانەکەمان گەشاوەتر بێت و هەر بە نمونەی دورگەیەکی ئارام لەنێو دەریایەکی شەڕ بمێنێتەوە".


PM:07:46:18/05/2019