وەزارەتی گواستنەوە لەبارەی ڕاگرتنی ھێڵەكانی ئینتەرنێت ڕوونكردنەوە دەدات

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ڕاگرتنی ھێڵەكانی ئینتەرنێت لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا بڵاوكردەوە كاتی ڕاگرتنەكە ئاشكرادەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە 26/5/2019، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، تیایدا ھاتووە "وەكوو ساڵانی ڕابردوو بە ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی ھێڵەكانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە گشتیەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریكردن لە گزی"

ئەوەش ئاشكراكراوە ڕاگرتنی ھێڵەكانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی تاقیكردنەوەی 12ی ئامادەیی لە شەشی بەیانی تاكوو ھەشت و نیوی بەیانی دەبێت، كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەو بڕیارە ئاگادار كراونەتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، بەپێی خشتەی تاقیكردنەوەكان كە لە 26/5/2019 تا 16/6/2019 دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا 7 رۆژ تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدرێن، كۆی ماوەی ڕاگرتنی كاتەكانی ئینتەرنێت دەگاتە 17 سەعات و 30 دەقیقە.



PM:01:19:26/05/2019