پۆلیسی سلێمانی خرایە ئامادەباشیەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی ئەمنی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی كۆبووەوە.

قایمقامی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارام و بێ گرفتدا پێشوازی لە جەژنی پیرۆزی رەمەزان بكەن هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن هیچ شەقامێك بەڕووی هاتووچۆی شۆفێراندا داناخرێت، بەڵكو تیمەكانی هاتووچۆ هاوكار دەبن بۆ رێكخستنی شەقام و رێگەو بانەكان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەبێ گرفت سەردانی هەر شوێنێك بكەن كە دەیانەوێت، هاوکات، لیژنەهاوبەشەكان هاوشێوەی مانگی رەمەزان بەردەوام دەبن لەگەڕان و بەدواداچونەكانیان بەئامانجی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و رێگریكردن لە هەر جۆرە سەرپێچیەك.

سەبارەت بەو گەشتیارانەی لە رۆژانی جەژندا ڕولە هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوات مەحمد ڕایگەیاند" لەبازگەكان و شوێنە گەشتیارەكانی سلێمانی تیمەكان راسپێردراون هەموو كارئاسانی و هاوكارییەك پێشكەش بەگەشتیاران و ئەو میوانانە بكەن كە روودەكەنە سلێمانی".

ڕاشیگەیاند"خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی ئاگادار كراونەتەوە پێویستە لە رۆژانی جەژنیشدا شوێنەكانیان كراوەبن بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیارانداو هەر شوێنێك پابەند نەبێت روبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە".

قایمقامی سلێمانی،ئاوات محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەكان و هێزە ئەمینەكان لە رۆژانی جەژندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەموو شوێنە گشتیەكان لە ئەركدا دەبن بۆ پارێزگاری كردن لە هاووڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی كە روو لە پارێزگای سلێمانی دەكەن.



PM:05:47:29/05/2019