نوسەرێک: بارزانییەک سەرۆکایەتیی لە بارزانییەک وەرگرت تا سبەی رادەستی بارزانییەکی تری بکات

نوسەرێکی دیاری کورد لەسەر جێگۆركێ لەنێوان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا دەڵێت" بارزانییەک سەرۆکایەتیی لە بارزانییەک وەگرت تا سبەی رادەستی بارزانییەکی تری بکات".

لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کەمال چۆمانی نوسەرو رۆژنامەنووسی لاو نووسیوویەتی" ئەمڕۆ بارزانییەک پۆستی سەرۆکی هەرێمی لە بارزانییەک وەرگرت بۆئەوەی سبەی تەسلیمی بارزانییەکی تری بکات. چەند رۆژی داهاتوش بارزانییەکی تر پۆستی سەرۆک وەزیران لە بارزانییەک وەردەگرێت تا ئەویش سبەی رادەستی بارزانییەکی تری بکات. ئەو دو بارزانییەی ئەو دو پۆستە وەردەگرن بەرپرسیارن لە زۆربەی نەهامەتییەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردو بە سەرکردایەتیی بارزانیی باوک". 

هەروەها نووسیوویەتی " ئەوە واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێڕاقە. سیاسەتمەدار و حیزبی سیاسیی لە کوردستانی عێڕاق و عێڕاق و ناوچەکە هەرگیز ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی دیموکراسیی و حوکمی قانون نییە، بۆیە هەرکەسێک و هەر بنەماڵەیەکی دیکە بوایە لەو هێزانەی هەرێم، چاوەڕێدەکرێت هەمان رێکاری بنەماڵەی بارزانیی و پارتییان بگرتبوایە بەر. هەر بۆیە، ئەو واقیعە دەمێنێتەوە تا ئەلتەرناتیڤێکی سیاسیی، ئایدۆلۆژیی و میلیی دروستنەکرێت کە بەتەواوی بارزانیی، پارتیی، کوردایەتیی، عەقڵلیەتی سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییان تێنەپەڕێنێت." 

کەمال چۆمانی کەناوبەناو بۆ میدیا ئەوروپی و ئەمەریکییەکانیش دەنووسێت دەڵێت "ئەو ئەلتەرناتیڤە، بەداخەوە، لە ئێستادا نییە، هەربۆیە بارزانییەکان دەتوانن چۆنیان بوێت وا نەخشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، عەسکەریی و ئابوریی هەرێمی کوردستان دابڕێژن". 




PM:05:17:30/05/2019