هەولێر: ڕوونکردنەوە دەدرێت لەسەر ئەوکەسەی لەکاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەست دا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بەهۆی مردنی کەسێک لە ژووری نەشتەرگەری، ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام دەدەین و بڕیاری پێویست لەبارەی نەخۆشخانەکەوە دەدرێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کە وێنەیەکی بۆ (سپی) نێردراوە، تیایدا هاتووە" وێڕای دڵگرانی و سەرەخۆشی لە خانەوادەکەیان، لەلایەن تیمی بەدوداچوون و یاسایی ئەم بابەتە بە ھەند و گرنگ وەردەگیرێت و هاوکات بڕیاری کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە درا".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بەڵێنی بە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە داوە، کە لێکۆڵینەوە لە تەواوی وردەکاریی و هۆکارەکانی گیان لەدەستانی (شوان کەریم فەتاح) دەکات و بە هەماهەنگیی دادگا، بڕیاری پێویست لەبارەی نەخۆشخانەکەوە دەدرێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر

لێژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەھێنێت...

بەھۆی گیانلەدەستدانی ھاوڵاتی خوالێخۆشبوو (شوان کریم فاتح) دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکانی گەدە بەمەبەستی لاوازبوون لەیەکێک لە نەخۆشخانە تایبەت (ئەھلی)کانی شاری ھەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر وێڕای دڵگرانی و سەرەخۆشی لە خانەوادەکەیان، لەلایەن تیمی بەدوداچوون و یاسایی ئەم بابەتە بە ھەند و گرنگ وەردەگیرێت، بەمەش سەردانی مەیدانی نەخۆشخانە تایبەتەکە دەکرێت و تەواوی دۆکیمێنت و پەڕاو و (گبلە)ی نەخۆش ڕەوانەی بەشی یاسایی کرا و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بڕیاری کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە درا، لێژنەیەکی پسپۆڕی ڕاوێژکاری پێکدەھێنرێت بە ھەماھەنگی دادگا و ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و سەندیکای پزیشکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی گیانلەدەستدانی خواڵێخۆشبوو.

ھاوڵاتیان و ڕای گشتی دڵنیا دەکەینەوە کە ھەموو ڕێککارەکان پاڵپشت بە یاسا و ڕێنمایی و بنەما زانستیەکان دەبێت.

   بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر


AM:11:21:03/06/2019