پۆلیسی هاتوچۆ ئاگاداری ئەم کەسانە دەکاتەوە

پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، داوا لە هاوڵاتیان بەگشتی و بەتایبەتیش باوکان و دایکان دەکەین چاودێری ڕۆڵەکانیان بکەن و ڕێگە نەدەن ئەوجۆرە ماتۆڕانەی لەبەرنەبوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی تۆمارنەکراون و ماتۆڕ سوارەکانیش مۆڵەتی لێخوڕینیان نیە ماتۆڕ بەکار بهێنن.

پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکە کە کۆپیەکی بۆ (سپی) نێردراوە، ڕایگەیاند" لە ڕابوردودا و چەندینجار هۆشداریمانداوە لەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی ماتۆڕسوارەکان و سەرنشینی ماتۆڕەکان دەبێتەوە ، بەداخەوە لە دوو ڕوداوی جیاوازدا لە ڕۆژانی یەکەم ودووەمی جەژندا دوو گەنج بەڕوداوی ماتۆڕ گیانیان لەدەستداوەو دوانی تریش بریندار بوون".

باس لەوەشکراوە، لەکاتێکدا پرسەو هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیەکان ڕادەگەیەنین داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست بەگشتی و بەتایبەتیش باوکان و دایکان دەکەین چاودێری ڕۆڵەکانیان بکەن و ڕێگە نەدەن ئەوجۆرە ماتۆڕانەی لەبەرنەبوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی تۆمارنەکراون و ماتۆڕ سوارەکانیش مۆڵەتی لێخوڕینیان نیە ماتۆڕ بەکار بهێنن چونکە ئێمە بۆ ڕێگریکردن لەو ڕوداوانە لێپرسینەوەو دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکان زیاتر دەکەین با دوچاری زیانی گیانی و ماڵی نەبن،

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئەو ماتۆڕ سوارانەش ئاگادار دەکەینەوە کە ماتۆڕەکانیان یاسایین و مۆڵەتیان هەیە دووربکەونەوە لە سەرکێشی و بەدەنگی ماتۆڕەکانیان هاوڵاتیان بێزار نەکەن ، داواش لە هەموو چێشتخانەو خواردنگەکان دەکەین کە ماتۆڕیان بۆ گەیاندنی خواردن بۆ کڕیارەکانیان هەیە ماتۆڕەکانیان پابەند بن بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە چونکە لێپرسینەوە لەوانیش دەکرێت.

هاوکات، داواش لە هەموو هێزە ئەمنیەکانیش دەکەین هاوکاری ئەفسەران و کارمەندانی هاتوچۆ بکەن لە دەستبەسەردا گرتنی ماتۆڕە سەڕپێچیکارەکان.



PM:11:19:05/06/2019