یوسف محەمەد داواکارییەکەی عەلی باپیری جێبەجێکرد

سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی "عەلی باپیر" ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دایەوە و نەمامێكی چاند.

یوسف محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، وەڵامی تەحەداكەی عەلی باپیری دایەوە و رایگەیاند "لەڕاستیدا مرۆڤ هەر بۆکاری ئاوا باش تەحەدا بکرێت کە ئەمە کارێکی گرنگە". 

یوسف محەمەد وتیشی "ڕاستە ئێمە کۆڵەوارین لە نەمام ناشتندا، بەڵام باپیرانمان گرنگی زۆریان بە چاندنی نەمام و درەخت و سەوزکردنی ژینگە داوە، چونکە ژینگەیان بەدۆستی خۆیان زانیوە".
 
سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی كوردستان دوای چاندنی نەمامەكە ، داوای لە هەریەک لە (هونەرمەند مستەفا ئەحمەد، و جوتیاری نمونەیی مام فارس) كرد بۆ بەشداری لە تەحەداكە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا لە هەرێمی کوردستان چەند گەنجێک چالێنجی "دارێک بچێنە و شارێک سەوز بکە"یان ڕاگەیاند، کە تێیدا داوا لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرابوو بە چاندنی نەمامێک بەشداری لەم چالێنجەدا بکات و ئەویش لە گرتە ڤیدۆییەکدا چالێنجەكەی پەسەندكرد.



PM:05:07:09/06/2019