هۆشیار عەبدوڵا: دڵنیابن لەكۆڵتان نابینەوە

هۆشیار عەبدوڵا رایدەگەیەنێت ، دەبێت داهاتی فرۆشتنی نەوت لەبەرژەوەندی خەڵكدا بێت و ئەو پارەیەی بۆ موچە دێت دابەشی بكرێت و دیزە بە دەرخۆنە نەكرێت، دەشڵێت "دڵنیابن لەكۆڵتان نابینەوە".

لە نوسینێکدا كە لە ئەکاونتی تایبەتی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆران وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە كە لەلایەن پارتیەوە ئاراستەی دەكرێت و دەڵێت "ئێوە كە خۆتان دەڵێن دەبێ كێشەی نەوت بە یاسا و دەستور چارەسەر بكرێ ئێمەش هەر وامان گوتوە تاكە فەرقی قسەكانمان یەك شتە ، ئێمە دەڵێین بەشیوەیەك كە دەبێت داهاتەكەی لەبەرژەوەندی خەڵكدا بێت ئێوە لەم قسەیە بێتاقەتن چونكە خۆشتان دەزانن لە خۆتان و ئەجێندا مەترسیدارەكانتان زیاتر داهاتی نەوتتان نەخستۆتە خزمەتی هیچ شتێك!".

دەشڵێت "بە دیدی ئێمە شەفافیەت و رونكاری لە مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان و گێرانەوەی داهاتەكەی بۆ خەڵك و دەرهێنانی لە دەستی مافیاكانی حزب ئەركێكی نیشتیمانیی باڵایە و هەرگیز پاشەكشەی لێناكەین".

هۆشیار عەبدوڵا راشیگەیاندوە "ئەگەر دەتانەوێت هەرێم بەهێز بێت ، ئەگەر دڵسۆزی نیشتیمانن، ئەگەر پەرۆشی هاونیشتیمانیانن،ئەگەر خەمی موچەی خەڵكتانە،ئەگەر ناتانەوێت بێ موچەیی روبكاتەوە خەڵك نەوتەكە رادەست بكەن ، یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ جێبەجێبكەن ، یا بڵێن ئەوە داهاتەكەیەتی ، یا ئەو پارەیەی بۆ موچە دێت دابەشی بكەن و دیزە بە دەرخۆنەی مەكەن ، چونكە لەو هەمو گەندەڵیی و تاڵانیە بێدەنگ نابین".

لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا نوسیویەتی "باش بزانن و تێبگەن لە بواری مەلەفی نەوت و موچەی فەرمانبەران چاكسازی ریشەییمان دەوێت و چیتر نامانەوێ لە پێناوی گیرفانی چەند كەس و گروپێك كە داهاتی نەوتی بۆ دەروات گەلەكەمان،نیشتیمانەكەمان،هەرێمەكەمان باجەكەی بدات".

پەرلەمانتارەكەی گۆران دەڵێت "چاكسازی بكەن لە تۆمەتدروستكردن باشترە،دەست لە تاڵانی نەوت هەڵگرن لە تەخوینی ئێمە باشترە، چونكە هیچ خیانەتێك ناگاتە ئەوەی داهاتی ولاتەكەی خۆت ببەیت،موچەی خەڵك ببەیت ، بە سیستمی پاشەكەوت پارەی هەزاران فەرمانبەری بێچارە ببەیت و پێشت شەرم نەبێت باسی نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بكەیت" .

ڕاشیگەیاندووە "ئەوەی دەمانەوێت چاكسازیە و بەس، بیكەن چاكە و خێر و بەرژەوەندی خۆتان و وڵات و خەڵكی تێدایە خۆتانی لێبدزنەوە دڵنیابن لەكۆڵتان نابینەوە "
 


PM:04:29:15/06/2019