مەحمود محەمەد: دانانی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە پێكھێنانی حكوومەتەوە نییە

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرا كرد و دەڵێت "دانانی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە پێكھێنانی حكوومەتەوە نییە".

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، "ھەموو بابەتەكان لێك جیاكراونەتەوە و دانانی پارێزگار پەیوەندی بە پێكھێنانی حكوومەتەوە نییە، ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك و دانانی پارێزگارێك بۆ شارەكە لەدەست سەرۆك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت دەبێت".

وتەبێژی پارتی، ئەوەشیخستەڕوو، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كراوەو لە چەند رۆژی داھاتوودا مەسرور بارزانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكەی كە بەشداری لە حكوومەت دەكەن كۆدەبێتەوە، وتیشی "ئومێد دەكەین لە ماوەی 10 رۆژدا كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكبێنین".



PM:12:56:16/06/2019