پەرلەمانتارێکی هەدەپە داوا لەبارزانی دەکات رێ لەشەڕی براکوژی بگرێت


پەرلەمانتاری هەدەپە، ئیمام تاشچیەر داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، کە دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک لەخاکی باشوری کوردستان هەڵوێست نیشان بدات و ڕێ لە شەڕی براکوژی بگرێت.

ئیمام تاشچیەر پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، ڕەخنە لە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق گرتووە و وتوویەتی " تورکیا ٢٥ ساڵە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەکات، هەموو ناوچەکان بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان دەکات، بەڵام هیچ ئەنجامێکی وەرنەگرتووە، ئەمە داگیرکارییە و هەوڵدەدەن ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن، هاوشێوەی عەفرین، بۆیە پێویستە خەڵکی باشور، بەڕیوبەرانی هەرێمی کوردستان، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەدژی داگیرکاریی هەڵوێست نیشان بدەن".

تاشچیەر بەبیری هێناوەتەوە کە مستەفا بارزانی بە دوو هەزار چەکدارەوە چووەتە مەهاباد بۆ پاراستنی کۆماری مەهاباد و وتی " مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و مەلا مستەفە بۆ پاراستنی ئەو شارە چووەتە ئەوێ، چونکە داگیرکاریی قبوڵ نەکردووە، پێویستە بەڕێوبەرانی هەرێم، حکومەتی عێراق و هەموو لایەنە سیاسییەکان لەدژی ئەو داگیرکارییە بووەستن، ئەوە کێشەی پارتییەک نییە، ئەوە کێشەی کوردستانە، هەزاران ساڵە کورد لەسەرئەم جوگرافیایە دەژین، ئەگەر داگیرکاریی لەسەرپارچەیەک قبوڵ بکرێت، داگیرکاریی لەسەر پارچەکانی دیکەش قبوڵدەکرێت، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکئی هاوبەش نیشان بدرێت".

تاشچیەر ئاماژەی بەوەداوە، کە نێچیرڤان بارزانی بەپێی سیاسەتی کاتی کار دەکات و وتی: ئەمە زیان دەگەینێتە یەکێتی گەلی کورد، پێویستە بارزانی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی کار بکات، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک، پەکەکە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە بووەوە و ڕێگای نەدا باشور داگیر بکات، چونکە کێشەیەکی نەتەوەیی بوو، سیاسەتی بارزانی پێچەوانە بووە و گۆڕاوە بە "براکوژی"، لەنێوان پارتی و یەکێتی شەڕی براکوژی ڕوویدا، ئێمە نامانەوێت لە نێوان کوردان براکوژی ڕووبدات، ئێمە دژی براکوژین، کێشەی سەرەکی گەلی کورد نەبوونی یەکێتی نەتەوەییە و پێویستە پارتەکان سیاسەتیان لەسەر یەکێتی نەتەوەیی بەڕیوە ببەن، پێویستە لەجێی براکوژی، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد پێکبێت.

تاشچیەر سەرنجی ڕاکێشایە سەر بێدەنگی کاربەدەستانی باشوری کوردستان و حکومەتی عێراق و وتی: کاتێک کورد یەکبگرن، دەبنە خاوەن پێگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاربەدەستانی باشور دوای بڕیاری ڕیفراندۆم هێرشی سەر کەرکوکیان بینی، ئەو کاتە چوار دەوڵەتەکە دژی کورد یەکیان گرت، تورکیا گەمارۆی خستە سەر کورد، ئێران حەشدی شەعبی خستە گەڕ، سوریا و عێراقیش هێرشیان کردە سەر کەرکوک، بۆیە پێویستە کاربەدەستانی هەرێم دژی ئەم داگیرکارییە هەڵوێست نیشان بدەن، ئێستا نوێنەرایەتییەک هەیە و پێویست بوو نێچیرڤان بارزانی جیهانی بیهێنایە سەر خەت، ئەمە قبوڵ ناکرێت، پێویستە بەپەلە هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە و ڕێ لە براکوژی بگرێت.



PM:11:51:21/06/2019