مەسرور بارزانی لەگەڵ پێکهاتەکانی هەرێم کۆدەبێتەوە

سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە بارەی کارنامەی کابینەکەیەوە گفتوگۆ دەکەن. 

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیران، مەسرور بارزانی لەگەڵ چەند لایەنێكی توركمانی كۆببێتەوەو دواتر لەگەڵ بەرەی توركمانی كۆدەبێتەوە، پاشان لەگەڵ رۆمیۆ هەكاری، سكرتێری گشتی پارتی دیموكراتی بێت نەهرێن و شاندێكی ئەو حزبە كۆدەبێتەوە.

هەفتەی رابردوو بۆ هەمان مەبەست، مەسرور بارزانی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.

رۆژی  12ی حوزەیران، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.




AM:09:37:22/06/2019