ئیمامئۆغڵو نزیكەی 800 هەزار دەنگ لەپێش بینالی یڵدرم_ەوەیە

سەعدی گوڤەن سەرۆكی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكان، بەفەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئیستەنبوڵی ئاشكراكرد و رایگەیاند، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، نزیكەی 800 هەزار دەنگ لەپێش بینالی یڵدرم-ەوەیە. 

سەعدی گوڤەن، رایگەیاند كە تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە دووبارەكراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەشاری ئیستانبوڵ لە سیستمدا تۆماركراون و وتی "لە كۆی 10 ملیۆن و 560 هەزار و 963 دەنگدەر، هەشت ملیۆن و 925 هەزار و 63 كەس دەنگیانداوه".

بەمجۆرەش رێژەی بەشداریكردن لەسەدا 84.5 بووە و دەنگی پەسەندكراویش، هەشت ملیۆن و 746 هەزار و 464 دەنگ بووە، هەروەها 178 هەزار و 599 دەنگیش پووچەڵكراوەتەوە.

سەعدی گوڤەن سەبارەت بەڕێژەی بەدەستهێنانی دەنگەكانیش وتی "ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، چوار ملیۆن و 741 هەزار و 868 دەنگ (لەسەدا 54.21)، بینالی یڵدرم-یش، سێ ملیۆن و 935 هەزار و 453 دەنگ (لەسەدا 44.99)، نەجدەت گۆكچنار، 47 هەزار و 829 دەنگ (لەسەدا 0.55) مستەفا ئیلكەر یوجەل-یش، 14 هەزار و 545 دەنگ (لەسەدا 0.17)ی بەدەستهێناوە".

سەرۆكی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكان، سەعدی گوڤەن تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پارتە سیاسییەكان تاوەكو كاتژمێر 3ی ئێوارەی سبەی سێشەممە دەتوانن تانە لە ئەنجامەكان بدەن.



PM:03:41:24/06/2019