بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە سلێمانی رایگەیاند، چەندین تەقەمەنی لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە ناحیەی سیتەك دۆزرانەوە و ئەو تەقەمەنیانەشی بە مەترسیدار ناوبردووە.
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" هاتووە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، لە میانەی جێبەجێكردن و كۆتایی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ناحیەی سیتەك، لە ئەنجامی كاركردنی كۆمپانیایەك لە نێو یەكێك لە گەڕەكەكاندا چەندین گوللە تۆپ بە دەم چێلەی شۆفڵەوە دێتە دەرەوە و دەبێتەهۆی راگرتنی كارەكەیان و راستەوخۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە سلێمانییەوە دەكرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە ئەمڕۆ سێشەممە بە سێ تیمی جیاوازی میكانیكی و تیمی دەستی مین لابەر و تیمی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی، لە هەوڵ و ماندووبوونێكی بەردەوام لە پشكنین و گەڕان و چاڵهەكەندن تا قوڵایی نزیكەی دوو مەتر لە هەندێك شوێن توانرا چەندین گوللە تۆپی تێكشكاندن و فسفۆڕی بدۆزرێنەوە، كە پڕ مەترسی بوون.