كەجەكە: یەكینە هەواڵگرییەكانی باشووری كوردستان و میتی تورك پێكەوە كاردەكەن

كەجەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ‌هێزە سیاسیە كوردیەكان تۆمەتباردەكات بەوەی زانیاری هەواڵگیری دەدەن بە توركیا و دەڵێت " یەكینە هەواڵگرییەكانی باشووری كوردستان و میتی تورك پێكەوە كاردەكەن".

هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە ڕاگەیەنداوێكدا ئاماژەی بە هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی كردوە و دەڵێت "بێدەنگی یەكێتی و پارتی و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری باشوری كوردستان لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا جێگەی قەبوڵكردن نییە".

لەبارەی لایەنگری هێزە كوردیەكانەوە كەجەكە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات "هێرشە داگیركەرییەكانی ئاكەپە و مەهەپە بە تەنها لەسەر پەكەكە نییە، هەڵوێستی دەوڵەتی تورك لە كاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ئاڵۆزیی كەركوك لە گۆڕێیە، بە ڕای ئەوان (ئاكەپە و مەهەپە) موسڵ و كەركوك و خاكی باشووری كوردستان خاكی ئەوانە و بۆ ئەوەش باشووری كوردستان داگیر دەكرێت، كاتێك ئەو ڕاستییە لەگۆڕێدا بێت، بێدەنگبوون لە بەرامبەر هێرش و كۆمەڵكوژییەكان بە واتای ئەوە دێت كە ئەوانیش هاوبەشی ئەو كۆمەڵكوژییەن".

لەبارەی سیخوڕی هێزە كوردیەكان و زانیاری دانیان بە دوژمن كەجەكە دەڵێت "زۆر بەڵگە و زانیاریمان لەبەرەستدایە، كە یەكینە هەواڵگرییەكان لە باشووری كوردستان و میتی تورك پێكەوە كار دەكەن".

ئاماژەش بەوەكراوە "جێگەی قبوڵ نییە هێزە سیاسییەكانی كورد زانیاریی هەواڵگری بدەنە دوژمنی هێزێكی كورد، بانگەواز بۆ هێزە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەكەین، كە دەبێت لە دژی هێرشە داگیركەرییەكان هەڵوێستیان ڕوون بكەنەوە و ڕێگە لەو كەسانە بگرن كە زانیاریی هەواڵگریی دەدەنە دەوڵەتی تورك".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا كەجەكە داوایەك ئاڕاستەی گەلی باشور دەكات و دەڵێت "بانگەواز بۆ گەلی باشووری كوردستان، ڕێكخستنە سڤیل و كۆمەڵگەیی و هێزە دیموكراسییەكان دەكەین، با لە دژی جموجوڵی داگیركەری بۆ سەر باشووری كوردستان دەنگی خۆیان هەڵبڕن و لە بەرامبەر ئەو كەسانەی لە دژی بزووتنەوەی ئازادی لەگەڵ دوژمن كار دەكەن هەڵوێستی خۆیان ڕوون بكەنەوە و پشتگیریی تێكۆشانەكەمان بكەن لەدژی داگیركاریی و هێرشەكان".



PM:03:18:01/07/2019