ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وەڵامی پەكەكە دەداتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا وەڵامی وەڵامی پەكەكە و میدیاكانی نزیك لەو هێزە دەداتەوە كە ئاماژە بەوەدەكەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت دەزگا ئەمنیەكانی پارتی لە كوشتنی سەركردەیەكیان تێوەگڵاون.
 
لەو ڕاگەیاندراوەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە هاتووە "لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیك لە پەكەكە، تۆمەتێكی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، كە گوایە لە كوشتنی سەركردەیەكیان تێوەگڵاون، ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەتدەكەینەوە، وێڕای ئەمەش ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەكارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە كە بوونی پەكەكە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان، هۆكارێكی سەرەكییە، بۆ ڕاكێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم". 


دەقی ڕاگەیاندراوەكە:

ڕاگەیاندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیك لە پەكەكە، تۆمەتێكی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، كە گوایە لە كوشتنی سەركردەیەكیان تێوەگڵاون، بەداخەوە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێبنەمایە داوە.

ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەتدەكەینەوە. وێڕای ئەمەش ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەكارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە، كە بوونی پەكەكە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی كوردستان هۆكارێكی سەرەكییە، بۆ ڕاكێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم. چەندین ساڵەش رێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ئاوایی هەرێمی كوردستان. بەداخەوە بەم دواییانەش چەكدارانی پەكەكە خۆیان خستۆتە پەنای گوند و ئاواییەكانمان و بەم هۆیەشەوە هاوڵاتیانی سڤیلمان بوونەتە قوربانیی پێكدادانی نێوان ‌پەكەكە و توركیا. 

لێرەدا جارێكی دیكەش دووپاتی دەكەینەوە كە كۆی سیستەمی ئیداریی هەرێم كە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی، دژی ئەم سیاسەتەی پەكەكەیە و خوازیارین كێشەكەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینەوە ڕوو كە كوردستانێكی ئازاد پێویستیی بە ئازادكردن نیە. 

دەبێت هەموولایەك ڕێز لە سەروەریی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەكانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی هەرێم بكەن. هاوكات خوازیارین هەموو هێزەكانی ناوچەكە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بگرنەبەر و كۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

٩/٧/٢٠١٩



PM:03:04:09/07/2019