دابان محەمەد: بەڵكو هەمو پێوەرەكانی ئاو هەوا و هەر جوڵەیەكی تر دەخوێنێتەوە

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕەخنە لە سیستمی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەگرێت و دەڵێت " ئەم پێوەرانە كاتێك گونجاوە، كە 24 كاتژمێر تۆڕەكان و بۆرییەكانی ئاو پڕبن".

دابان محەمەد لە نوسینێكدا دەڵێت "دانانی ئەم پێوەرە ماڵی بەرپرسان و تەنانەت سنوری ئەوانیشی نەگرتوەتەوە، لەكاتێكدا لە هەندێك شوێن، تۆڕی ئاوی لێنەبوە و بە تانكەر ئاویان بۆ دەڕوات پێوەریان داناوە، كۆمپانیای ( ئاراس و جنون) بۆ دانانی پێوەر ژمارەی هەڵەیان لەسەر پێوەرەكان داوە بە وەزارەتی شارەوانی و بە ئاسانی ئەم پێوەرانە بە سیستم ناكرێن، بەدەر لە پێوەرە صینیەكان پێوەرەكانی دیكەش هەوا و هەر جوڵەیەكی تر دەخوێننەوە ئەم پێوەرانە كاتێك گونجاوە، كە 24 كاتژمێر تۆڕەكان و بۆرییەكانی ئاو پڕبن كە لە هیچ شوێنێك لە هەرێمی كوردستان 24 كاتژمێر ئاو نیە جگە لە چەند یەكەیەكی نیشتەجێبونی كەرتی تایبەت."

سەبارەت بە كۆمپانیاكانیش ڕایگەیاند "كۆمپانیای ئاراس و جنون، لە مانگی 11 ی 2017 ەوە، گرێبەستەكانیان بۆ دانانی پێوەر كۆتایی هاتوە، بەڵام تا ئەم ساتەش لە دانانی پێوەر بۆ ماڵان و فشارەكانیان بەردەوامن، دەیانەوێت ساغی بكەنەوە، ئەو بەڵگەیەی خوارەوە هەفتەیەك پێش ئێستایە پێویستە لایەنی پەیوەندی دار ڕونكردنەوە بدات و ئیجرائات بكرێت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر پێوەر لە كۆگاكانیان ماوەتەوە و بە ڕێگای نا یاسایی، كۆمپانیای ختیب علمی لە هەولێر و دهۆك، كۆمپانیای گرنگ لە سلێمانی، كۆمپانیای ئۆرانۆس لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، ئەو مافەیان نیە، فشار لە هاوڵاتی بكەن بۆ دانانی پێوەری ئاو".

جەختیش لەوە دەكاتەوە "لە پێش دهۆك، ئەركی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بو، كاركردن بەم پێوەر ڕابگرن، ئێستاش درەنگ نیە بەدەم كێشە و گرفتی هاوڵاتیانەوە بێن و دەسەڵاتەكانی خۆیان لە بەرژەوەندی خەڵك بەكار بهێنن، ئێمەش لەگەڵ وەزارەت و وەزیری نوێی شارەوانی لەسەر خەت دەبین، بۆ ڕاگرتنی تەواوەتی ئەم پرۆسەیە، كە سودمەندی یەكەم چەند كەسێكی ناو وەزارەت و پێنج كۆمپانیایە و زەرەرمەندی گەورەش لەم پرۆسەیە هاوڵاتیانە".



PM:02:24:15/07/2019