پەكەكە لەسەر كوژرانی بەرپرسە باڵاكەی توركیا لە هەولێر ڕوونكردنەوە دەدات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرپرسێكی باڵای توركیا لە هەولێر كوژرا و بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل لەسەر رووداوەكەی هەولێر ڕوونكردنەوە دەدات.

دیار دەنیز، بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پەكەكە بە "سپی" ڕاگەیاند "ئاگاداری ڕووداوی تەقەكردن، كوشتن و برینداربوونی بەرپرسانی كونسڵخانەی توركیا لە شاری هەولێر نین".

هەروەها دەشڵێت "هیچ زانیارییەكمان لەبارەی ڕووداوەكەوە نیە و تەنیا لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستومانە".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ و دوای تێپەڕبونی یەك كاتژمێر بەسەر ڕووداوەكە "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیایی لەزاری سەرچاوەیەكی سەرچاوەیەكی سیاسی باڵاوە كوژرانی بەرپرسێكی باڵای توركیا لە هەولێر ڕاگەیاند.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "ڕووداوەكە لە گەڕەكی عەینكاوای شاری هەولێر بووە و ئەو بەرپرسەی كوژراوە جێگری قونسوڵی توركیایە و دوو كەسی دیكەی قونسوڵخانەكەش كوژراون".

كوشتنی ئەو بەرپرسەی توركیا لەكاتێكدایە هێرشەكان بۆ سەر قەندیل چڕبوونەتەوە و بەهۆیەوە جگە لە هاوڵاتی مەدەنی چەند بەرپرسی پەكەكە و گەریلا گیانیان لەدەستداوە.



PM:03:28:17/07/2019