وەزیرەکانی پێشووی هەرێم دەبێت ماڵ و موڵکەکانیان ڕادەست بکەنەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە وەزیرەکانی کابینەی پێشوو دەکات هەرچی ماڵ و موڵکە بە ئۆتۆمبیل و خانووبەرەو هەرچی کە ماڵی حکومەتە بیگەڕێنەوە.

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی قسەکانی وەزیرێکی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

لەو ڕوونکردنەوەیەدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، ئاماژە بە لێدوانەکانی عەبدولستار مەجید، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ دراوە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن دا سەبارەت بە بەخشین و دیاری بۆ وەزیرەکان لێدوانی داوە.

داواش لە سەرجەم وەزیرەکانی کابینەی پێشوو دەکات موڵک و ماڵی حکومەت لە ئۆتۆمبێل و خانووبەرە و هەر کەلوپەلێکی دیکە بگەڕێننەوە، کە تاوەکو ئێستا لە ئەستۆیاندا ماوە.



ڕوونکردنەوەیەک لە وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە


سەبارەت بە لێدوانەکانی بەڕێز عەبدولسەتار مجید وەزیری پیشووی کشتوکاڵ، کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندندا سەبارەت بە بەخشین و دیاری بۆ وەزیرەکان لێدوانی داوە، ئێمە لە حکوومەتی ھەرێم رایدەگەێنین کە هیچ شتێک بە ناوی دیاری نەبووە و نییە، تەنیا بەخشین هەبووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پێداچونەوە بە سەرجەم بەخشینەکان دەکات، داواش لە سەرجەم وەزیرە بەڕێزەکانی کابینەی پێشوو دەکات موڵک و ماڵی حکوومەت لە ئۆتۆمبێل و خانووبەرە و هەر کەولوپەلێکی دیکە بگەڕێننەوە، کە تاکو ئێستا لە ئەستۆیاندا ماوە.


PM:01:05:28/07/2019