دۆخی ئەمنیی هەولێر دەخرێتە ژێر چاودێریی وردەوە

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ‌ڕایگەیاند، پڕۆسەی دانانی پێنج هەزار كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان، كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە رێگەی سەنتەری كۆنتڕۆڵەوە باری ئەمنیی هەولێر دەخرێتە ژێر چاودێریی وردەوە.

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بە میدای فەرمی  پارتی ڕایگەیاند: پێش ساڵی (2014) بڕیار درابوو كە پێنج ھەزار كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان دابنرێن، بەڵام شەڕی داعش و قەیرانی دارایی پرۆسەكەیان دواخست، ئێستاش بودجە تەرخان كراوە و دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و لە ھەموو شوێنە گشتییەكان كامێرای چاودێری دادەنرێت، ئەمەش ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ كەمكردنەوەی تاوان و ھەر تاوانێكیش ئەنجام بدرێت، لە رێگەی ئەو كامێرایانەوە بە زوویی ئاشكرا دەبێت.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە ، سەنتەرێكی كۆنتڕۆڵی تایبەت بە چاودێریكردنی ئەو كامێرانە دانراوە، كە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆوە بەڕێوە دەبرێت و لە ھەر شوێنێك تاوانێك ئەنجام بدرێت، بە كەمترین ماوە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەكەنەوە، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و رێگری لە تاوانەكە بكەن، كە ئەمەش بۆ پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ھاوكارێكی زۆر باش دەبێت.

پۆلیسی هەولێر رونكردنەوەی زیاتر دەدات، سەرەتا پڕۆسەكە ناو شاری هەولێر و هەموو شوێنە گشتی و گرنگەكان دەگرێتەوە و لە ئەولەویەتی كابینەی نۆیەم و وەزارەتی ناوخۆدایە، كە بە زوویی سەرجەم قۆناغەكانی دانانی ئەو پێنج هەزار كامێرایە تەواو بكرێن.

تەڵعەت ئەوەشی ئاشكرا كردوە، دانانی ئەو كامێرایانە هاوكارێكی باشە بۆ هێزە تەناهییەكان، چونكە زۆربەی تاوانەكان لە رێگەی كامێرای شوێنە گشتییەكانەوە ئاشكرا كراون، ئەو كاتەی كە تاوانێك لە شوێنێك ئەنجام دەدرێت، راستەوخۆ سوودمان لە كامێرای ئەو شوێنانە وەرگرتووە، كە ئەمەش ئەركی هێزە ئەمنییەكانی بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران ئاسانتر و خێراتر كردووە.


PM:06:45:30/07/2019