كه‌شناسێكی دیاری عێراقی پێشبینی ده‌كات، ئاشکرای دەکات پایزی ئه‌مساڵ زۆرترین رێژه‌ی باران له عێراق و ناوچه‌كه به گشتی دەبارێت.
ادق عه‌تییه، كه‌شناسی ناسراوی عێراقی له پۆستێكدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك پێشبینی ده‌كات، پایزی ئه‌مساڵ رێژه‌یه‌كی زۆری بارانبارین عێراق و سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه بگرێته‌وه.
عه‌تییه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "ئێستا له‌ره‌له‌ری كه‌شوهه‌وا له باكووری ئه‌تڵه‌سی "NAO" له دۆخی نێگه‌تیڤدایه و پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و دۆخه له وه‌رزی پایزیش به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ش مانای وایه له ناوه‌ڕاست و رۆژئاوای ئه‌وروپا وشكه‌ساڵی ده‌بێت، له باشووری ئه‌و كیشوه‌ره‌ش رێژه‌ی شێ به‌رز ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی زاڵبوونی به‌رزاییه‌كانی "بلۆك" كه بریتییه له به‌رزاییه‌كانی ئه‌تڵه‌سی و به "ئه‌زوری"ـیش ناسراوه و ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاست و رۆژئاوای ئه‌وروپا، نزمه پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك پاڵ به كه‌شه‌كه‌وه ده‌نێت و به‌ره‌و ناوچه‌كه‌مان داده‌به‌زێت".
ئه‌و كه‌شناسه عێراقییه له پۆسته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، "ئه‌گه‌ر ئه‌و سیناریۆیه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ناوچه‌كه‌مان ده‌كه‌وێته ناو پایزێكی پڕ له باران، ئه‌مه وێڕای له به‌رچاوگرتنی سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی دیكه‌ی كه‌شوهه‌وا، كه گرنگترینیان فاكته‌ری جه‌مسه‌ری ئۆقیانۆسی هندی "IOD"ـیه و به یه‌كێك له دیارترین هۆكاره‌كانی چڕكردنه‌وه‌ی شێ به‌ره‌و حه‌به‌شه داده‌نرێت و ده‌بێته هۆی تێركردنی شێ و هێزێكی گه‌وره بۆ پاڵپێوه‌نانی نزمه پاڵه‌په‌ستۆ به‌ره‌و سوودان و دوورگه‌ی عه‌ره‌بی".