وادەی گەڕانەوەی حاجیان ئاشکراکرا

دوای کۆتایهاتنی وەرزی فەریزەی حەجی ئەمساڵ بڕیارە لە ڕۆژی شەممەوە یەکەم کاروانی حاجیان بگەڕێنەوە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند،"رۆژی 17-8-2019 یەكەمین كاروانی حاجیان كە لەئێستادا لەسعودیەن دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان".

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف  وتیشی "چاوەڕوان دەکەین لەماوەی 20 رۆژدا سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان لەرێگای هەردو فڕۆکەخانی سلێمانی و هەولێرەوە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان".
 
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ئەوقاف، ئەمساڵ حەوت هەزار و 130 کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چونەتە سعودیە، تاكو ئێستاش دوو حاجی هەرێمی كوردستان لە شاری مەككە كۆچی دواییانكردوە.

 


AM:09:12:15/08/2019