ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی دۆخی کشمیر کۆدەبێتەوە

وابڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لەسەر داوای چین و پاکستان کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجام بدەن بۆ وتوێژکردن لەسە ڕێوشوێنەکانی هیندستان لە کشمیر.

هەمیشە کشمیر سەرچاوەی گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان بووە کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ناوەکین. پێدەچێت ئەنجومەنەکە کە لە 15 ئەندام پێکهاتووە هیچ جووڵەیەک نەکات، چونکە ئەمەریکا هەمیشە پشتیوانی لە هیندستان دەکات و چینیش لە پاکستان.

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەسعود قوڕەیشی ڕۆژی سێشەممە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی " پاکستان نابێتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ. بەڵام هیندستان دەبێت بزانێت ئەم دان بەخۆدا گرتنەی پاکستان لاوازی نیە".

وتیشی " ئەگەر هیندستان بڕیار بدات دووبارە پەنا بۆ هێز بەرێت ئەوا پاکستان ناچار دەبێت بە هەموو تواناکانیەوە وەڵام بداتەوە و بەرگری لە خۆی بکات".

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای لە هیندستان و پاکستان کرد خۆیان بەدووربگرن لە هەر هەنگاوێک کە کار بکاتە سەر ڕەوشی تایبەتی کشمیر و جامو. هەروەها نیگەرانی خۆشی دەربڕی سەبارەت بە هەواڵی ئەوەی کۆتوبەند سەپێندراوە بەسەر بەشێکی کشمیردا.



PM:02:25:16/08/2019