لەبارەی موچەی كەمئەندامانەوە حكومەت ڕوونكردنەوە دەدات

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەبارەی موچەی بەشێك لە كەمئەندامان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "ئەو كەمئەندامانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، بێ كێشە بەم زووانە وەریدەگرن".

ئاریان ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە ڕونكردنەوەیكدا ڕایگەیاند، "دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی مووچەی بڕاوی كەمئەندامان، ئەم لیژنانەی ئێستا دروستكراون، لە ژێرچاودێری وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیدان و تەنها بۆ كارئاسانی دروستكردنی پسوڵەیەكە كە تایبەتە بە مووچەكانیان، بۆ ئەوەی كە پارە گەیشتە بانكەكان هیچ كێشە و گیروگرفتێكیان بۆ دروست نەبێت"

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە " بەداخەوە هەوڵێك هەیە بۆ تێكدانی پڕۆسەكە كە هیچ لە بەرژەوەندی كەمئەندامان نییە، بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە هەوڵانە دژی بەرژەوەندییەكانی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەتە و هەوڵێكە بۆ شێواندنی پڕۆسەكە".

وەزارەتی كار دڵنیایی دەداتە ئەو كەمئەندامانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، و دەڵێت بێ كێشە بەم زووانە مووچەكانیان وەردەگرن.

ئەمڕۆ سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی كار بریاریداوە دووبارە پشكنین بۆ ١٣ هەزار كەمئەندام بكات و داوایكردوە لیژنەیەك لە وەزارەتی كارو تەندروستی بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێنرێت.




PM:03:33:29/08/2019