سپی، ناکۆکییە هەنووکەیەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئاشکرا دەکات


ئەگەر کێشەو ناکۆکیە سیاسی و حیزبی و ئابوریەکانی پێش پێکهێنانی ئەم کابینەیە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بخەینە لاوە، لە ئێستادا لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییە حکومیەدا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان کێشەی قوڵ و هەمەلایەنە هەیە، "سپی" ناوەرۆکی ئەو ئەو ناکۆکی و کێشانە بڵاودەکاتەوە.

جیاوازی لەسەر پرسی نەوت

نێچیرڤان بارزانی کە لە ٢٨ ی ئایاری ٢٠١٩ دا لە پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێدرا، لە رۆژانی دوای پێدانی ئەو متمانەیەوە رووبەرووی کێشەو ناکۆکی گەورە بۆتەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتدا، یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکان، پرسی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدایە، کە پرسێکە، نەک هەرتەنها پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان ئەو دوو بەرپرسە باڵایەوە هەیە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و قووتی خەڵکی کوردستانیشەوە هەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە زیاتر لە سەرچاوەیەکەوە دەست " سپی " کەوتووە، ناکۆکییەکی گەورە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لەسەر ئەو پرسە لە ئارادایە، هەرچی نێچیرڤان بارزانیە لایەنگری ئەو بیرکردنەوەیە نییە  ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم رۆژانە رادەستی عێراق بکرێت و لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت، وەک لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩دا هاتووە.

 بۆچوونەکەی نێچیرڤان بارزانی پێیوایە کە هەرێم تاکە چەکێکی بەدەستەوە بێت بەرامبەر بەغدا، پرسی نەوتە، خۆ لە حاڵەتێکدا ئەو چەکەش رادەستی بەغدا بکات، ئەوا هەرێم هیچ خاڵێکی بەهێزی بەرامبەر حکومەتی بەغدا نامێنێت.

نیچێرڤان بارزانی پێیوایە ئەگەر حکومەتی هەرێم ناچاریش بێت کە ٢٥٠ هەزار بەرمیلەکە رادەستی بەغدا بکات، ئەوا خۆی بازاڕیکردنی بۆ بکات و هەرخۆی بیفرۆشێت، پاش فرۆشتنی بڕە پارەکەی رادەستی حکومەتی عێراق بکات، ئەو لەگەڵ ئەوەدانییە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێم رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت و ئەو کۆمپانیایە بیفرۆشێت.

هەرچی رای مەسرور بارزانی  سەرۆکی حکومەتە، ئەو لەگەڵ رادەستکردنی رۆژانەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمە بە کۆمپانیای سۆمۆ کە تاکە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراقە.

کێشەی دەسەڵاتی سەرۆکی نوێی هەرێم

لە چەند خوولی رابردوو، لەو دەمەوە کە مەسعود بارزانی کراوە بە سەرۆکی هەرێم  لەساڵی ٢٠٠٥ەوە، تا دوا ساتەکانی حوکمی لە ساڵی ٢٠١٧دا، مەسعود بارزانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم بووە، هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش هەر سەر بەسەرۆکایەتی هەرێم بووەو لەژێر دەسەڵاتی قەڵەمڕەوی مەسعود بارزنیدا بووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، ئێستا نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هەمان دەسەڵاتی پێبدرێت، بەڵام مەسرور بارزانی رایەکی تری هەیە، هەرچی سەرۆکی حکومەتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو دەسەڵاتە دەبێت بدرێتەوە بەسەرۆکی حکومەت، یان سەرۆکایەتی حکومەت.

نێچیرڤان بارزانی سووربوونی لەسەر وەرگرتنی ئەو دەسەڵاتە بەسەر هێزە چەکدارەکاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ یاسای ١ی ساڵی ٢٠٠٥ ی سەرۆکایەتی هەرێم، کە بەپێی یاساکە سەرۆکی هەرێم فەرماندەی ‌هێزە چەکدارەکانە، لە هەموارکردنەوەی یاساکەش لە ساڵی ٢٠٠٩شدا دەستکاری ئەم دەسەڵاتەی سەرۆکی هەرێم نەکراوە، واتە لە سەردەمی مەسعود بارزانی "مام" سەرۆکی هەرێم فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بووە، لەو روانگەیەوە ئێستا نێچیرڤان بارزانی داوای ئەو دەسەڵاتە دەکات.

هەرچی مەسرور بارزانی یە، ئەو پێیوایە دەبێت ئەو دەسەڵاتە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی حکومەت، بۆ جەختکردنەوەی لەسەر ئەو پرسە پشت بەوە دەبەستێت کە لەساڵی ٢٠٠٩دا کاتێک دەسەڵاتی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دراوەتەوە بە سەرۆکی هەرێم لەبەر ئەوە بووە کە سەرۆکی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، نەک لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە. ( ئاماژەکە بۆ ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە).
  
پرسی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستە وەزاریەکان

کابینەی نوێ کە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە پێکهێنرا، سەرجەم وەزیرەکان نوێن و سەر بەباڵی مەسرور بارزانین، تەنها وەزیرێکی پارتی دووبارە بووبێتەوە لەم کابینە نوێیەدا د.پشتیوان سادقە، دانانی ئەو وەزیرانەش لەروانگەی مەسرور بارزانیەوە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە هەر وەزیرێک چوار ساڵ لە پۆستێکدا بووبێت بگۆڕدرێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی نیگەرانە لەمە کە هیچ وەزیرێکی کابینەی هەشت کە ئەو سەرۆکایەتی دەکرد، دانەنراونەتەوە، تێبنیشی لەسەر سەرلەنوێ دانانەوەی د. پشتیوان سادق، ئەو پێیوایە کە ئەو لەو سەردەمەشدا کە وەزیری پەروەردە بووە هەر سەر بەباڵی مەسرور بارزانی بووە.

گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاو قائیمقامەکاندا 

یەکێک لەو هەنگاوانەی تر کە نێچیرڤان بارزانی لێی نیگەرانە گۆڕینی پارێزگاری دهۆک و هەولێر و سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانە کە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیدایە ئەوەی چوار ساڵ لە پۆستێکدا ببووبێت، بەمزوانە بیان گۆڕێت، نێچیرڤان بارزانی لەم گۆڕانکاریانە نیگەرانە، ئەو پێیوایە لابردنی ئەو هەموو بەرپرسە لەو پۆستانە بۆ گورز وەشاندانە لەلایەنگرانی سەر بەباڵەکەی ئەو.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم کێ دایناوە

یەکێک لەو پرسانەی تر کە بەپێی زانیاریەکانی " سپی " نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی نوێی هەرێمی نیگەران کردووە، دانانی کەسێکە لە پۆستی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئەو پۆستەی پێشتر د، فواد حسێن سەرۆکایەتی دەکرد کە ئێستا بۆتە وەزیری دارایی عێراق.

بەم دواییانە و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، فەوزی حەریری کردووە بە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەو پۆستە پۆستێکی سەرەکی سەرۆکایەتی هەرێمە، دانانی ئەو کادیرەی پارتیش لەلایەن مەسعود بارزانیەوە کە لەکرۆکی دەسەڵاتەکانی نیچیرڤان بارزانیدایە ئەو داینەناوە، هێندەی تر نیگەرانی کردووە.

نێچیرڤان بارزانی زۆر نیگەرانە لەسەر کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام مەسرور بارزانیش بۆ ئەو هەنگاوانەی گرتوویەتە بەر بیانوو بەهانەی خۆی هەیە.      



PM:10:22:08/09/2019