كلچدارئۆغڵو ئازادنەكردنی دەمیرتاش بە "كارەسات" ناو دەبات

سەرۆكی جەهەپە ئازاد نەكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، بە "كارەسات"ێكی یاسایی لە توركیا ناودەبات و داوا دەكات چاكسازی لە دادگاكان بكرێت.

كەمال كلچدارئۆغڵو، سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" بە رۆژنامەی جمهوریەتی توركی رایگەیاندووە "پێویستە لە ماوەیەكی نزیكدا چاكسازی لە دادگاكان و پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بكرێتە رۆژەڤ".

سەرۆكی جەهەپە وتیشی "هەزاران سەرباز و قوتابی بەهۆی چەند تۆمەتێكەوە لە توركیا دەستگیركراون و ئێستا توركیا بووەتە یەكێك لەو وڵاتانەی بە نادادپەروەری ناودەبرێت".

كڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا "پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت. ئازادنەكردنی دەمیرتاش كارەساتێكی یاساییە لە توركیا".
 


PM:02:34:23/09/2019