" هەرێم رۆژانە ٤٤١ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای بۆریەوە دەفرۆشێت"

 

ئەندامێکی کوردی پەرلەمان کە لەو لیژنەیەیە پەرلەمانی عێراق پێکیهێناوە بۆ دۆسیەی نەوتی هەرێم رایگەیاند " هەرێم رۆژانە ٤٤١ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای بۆریەوە دەفرۆشێت"، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زانیاریان لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای تەنکەرەوە نییە.

 
د. غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆران لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت " بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئەمڕۆ لەسەردانی لیژنەکە بۆ کۆمپانیان سۆمۆ خستویانەتە بەردەستی ئێمە، لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 6 ملیارو نیو دۆلار داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوە لەرێگەی بۆریەوە".

 
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەشڵێت " سۆمۆ دەزانێت كە چەند نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە رۆشتوە، دەشزانێت كە بەچەند نەوتەكە فرۆشراوە، چونكە نەوتەكە هەر یەك نەوتەو بەیەك بۆری دەڕوات لەگەڵ ئەوەی كەركوك و تێكەڵ دەكرێت، بەڵام سۆمۆ نازانێت كە هەرێم لەڕێگەی تەنكەرەوە رۆژانە چەند بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و رێژەی بەرهەمهێنانی چەندە".
 
د. غالب لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت " خەزانەكانی عێراق لە بەندەری جەیهان، دابەش بوە بۆ دو بەش، بەشێكی هی عێراقەو بەشێكی دیكەشی هی هەرێمە، كاتێك ئەم نەوتە باردەكرێت پرۆگرامی هەیە كە چەند باركراوە و لە كوێ دەفرۆشرێت و بەچەند فرۆشراوە و بەچی كۆمپانیایەك فرۆشراوە، بەڵام ئەوەی نایزانێت ئەوەیە كە چەند بەرهەمهاتوە و بە تەنكەر چەند فرۆشراوە و لە ناوخۆ چەندی بەكارهاتوە".
 
دەربارەی داهاتی نەوت لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ەوە، غالب محەمەد رایگەیاند،"لە ماوەی 1/1/2019 بۆ 1/9/2019 بەبەهای 6 ملیارو نیو، نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆریەوە فرۆشراوە، ئێمە زانیومانە چەند هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، سۆمۆ بە چەند و لە كوێ بۆی فرۆشتوەو، لە رۆژێكدا بەپێی داتاكانی سۆمۆ بەبەردەوامی 441 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە فرۆشراوە".

 
 ئەو ئەندامەی لیژنەكە وتیشی،"حكومەتی عێراق رۆژانە نزیكەی 80 بۆ 90 هەزار بەرمیل نەوت تێكەڵی ئەو بۆرییە دەكات كە هەرێمی كوردستان نەوتی لێوە دەفرۆشێت".

 
غالب محەمەد لە کۆتاییدا دەڵێت" لەماوەی ئەم هەفتەیەدا سەردانی شوێنەكانی دیكەش دەكەین و سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكەین و دواتر راپۆرتی خۆمان پێشكەش دەكەین."

 

 


PM:11:40:24/09/2019