شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەڕەشەی ئاشكراكردنی چەند مەلەفێكی هەستیاری حزبەكەی دەكات

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشكی هێرۆ ئیبراهیم هەڕەشەی ئاشكراكردنی بابەتی هەستیاری ناو یەكێتی دەكات و كوڕانی مام جەلالیش بە "بێ هەڵوێست" ناودەبات.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: لە پاش كۆچی دوایی مام جەلالەوە ئیتر كار گەیشتە ئەوەی كە دەیانجار ئەو پەنجەرە جوانەی كوردساتیان بەرووماندا داخست و بینەرانیان لە كەناڵە ئازیزەكەیان بێبەش كرد و تەنانەت مافی بۆن كردنی ئەو چڵە نیرگزە خۆشەشیان پێ ڕەوا نەبینین.


دەشڵێت: لە پاش ئەوەی كە لە داخی ئەو هەموو ناداد پەروەرییانە تەندروستی دادە تێك چوو ، ئەوا نەك هەر كوردسات بەڵكو خاك و ئەمنە سورەكە و ( س.ن.ن) و مناڵپارێز و گەلەری زاموا و زانكۆی كۆبانی و خوێندنگەی شەهید جەبار و كەناڵی بادینان سات و كەركوك و سەنتەری ڕۆشنبیری كەركوك و ماڵی ئیزدیەكان و كوردستانی نوێ و گشت كەناڵ و راگەیاندن و هەموو ئەو پرۆژانەی كە دیاری مام و دادە بوون كەوتنە بەر هەڕەشەی داخستن و هەندێكیشیان داخران بە كورد ئایدڵشەوە .


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەخت لەوە دەكاتەوە "هەموو ئەوەی كە ئەگوزەرێت گوزارشت لەو راستیە ئەكات كە ئەو یەكێتیەی ئەمڕۆ چیتر نە یەكێتیەكەی ئێمەیە‌ و نە یەكێتیەكەی مامە و نە یەكێتیەكەی جاری جارانه ، هەندێك لەسەركردەكانی ئەمڕۆی یەكێتی دەستكەوتی یەك تەبەق هێلكەی گەنیو و نیو كیلۆ دووگی حەیوان و جگەری مریشك و سنوقێك دەرمانی ئێكسپایەر ناگۆڕنەوە بە هیچ یەك لەو پڕۆژە و دیارییانەی مام و دادە و یەكێتی".


دەڵێت: بۆ ئەوان جگەرەی قاچاخ گرنگترە وەك لە بادینان سات لای ئەوان سەیارە و دەمانچە و پلە و پۆست بەخشینەوە باشترە وەك لە هێشتنەوەی رۆژنامەی (الاتحاد) بێگومان بۆ ئەوان سەرف كردنی پارەی یەكێتی بۆ پیاو كڕین بۆ كۆنگرە سودی زیاترە وەك لە دابین كردنی مووچەی كارمەندانی دڵسۆز و ماندوو ، ئەوان بە خەفەكردنی دەنگە ئازادەكان و شاردنەوەی راستیەكان ئەتوانن لەسەر كورسیەكانیان بمێننەوە نەك بە هێشتنەوەی ئەمنە سوورەكە و ماڵی هەمووان .


شاناز برایم ئەحمەد، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: ئەوەی كە بۆ خودی خوم جێی داخە ئەو بێهەڵوێستی و بێ باكیەی كوڕانی مامە كە بەداخەوە لە لایەكەوە خۆیان كردوەتە دەمراستی دەباشان و یەكێتی و لە لایەكیترەوە گەورەترین زیانیان بە دەباشان و یەكێتی گەیاندوە.


شاناز برایم ئەحمەد ڕایدەگەیەنێت "لە ئایندەیەكی نزیكدا بە بەڵگەوە دیارنەمانی مووچەی مام جەلال ( هەر لەكاتی نەخۆشكەوتنیەوە تا ئەمڕۆ) و بڕینی نەسریەكەی و بڕینی نەسریەی دادە و زۆر بابەتی هەستیاری تر ئەخەمەڕوو".

ئەو وتانەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەكاتێكدایە دوێنێ كەناڵی كوردستات بەهۆی نەدانی كرێی هاوبەشی مانگانەیان ڕاگیرا و دوو ڕۆژ لەمەوبەریش تۆڕی هەولاڵی سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرا.




AM:10:30:26/09/2019