حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمرۆیدا چەند بڕیارێكی لەبارەی فەرمانبەران و دامەزراندنی یەكەمەکانی سەر ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان دەركرد. 

 لە راگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی حكومەتدا جەختكراوەتەوە، لە سەر ئەوەی فەرمانبەران دەبێ پابەندی پاراستنی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەكان بن و نابێت فەرمانبەران لە دەرەوەی مەبەستی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان كەسانی دیكە مامەڵەیان پێ بكەن یان لە ئینتەرنێت و بەتایبەتی سۆشیال میدیا بڵاوبكرێنەوە، ئەمەش لە ماددەی (٥) ی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە (١٤) ی ساڵی ١٩٩١ هەموواركراودا وەك ئەركێكی فەرمانبەرایەتی هاتووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا،  خستنەڕووی قەرز وپابەندە داراییەكانی ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە د.ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتێكی وردی پڕ زانیاری و داتای پێشكەش كرد و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە كرا و سوپاسی سكرتێری ئەنجوومەن كرا بۆ ئەرك و ماندووبوونی لە ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتەدا.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو قەرزانە و میكانیزمی پاكتاوكردنیان كرا، كە هەندێك لەو قەرزانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵی و لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هەردوولا یەكلادەكرێنەوە.

لە راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە،  هەروەها گفتوگۆی لە بارەی پێشنیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی گشت زانكۆ حكومییەكانی سەربە وەزارەت بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥ – ٢٠١٦. لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزیری دارایی و ئابووری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپارد، كە بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بەخشتەیەك پۆلێنكردنی یەكەمەكان بە پێی پسپۆڕی و پێویستی ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتاییان لە بارەوە بدرێت .


PM:07:06:02/10/2019