زەریف: ئەمریكا كوردی سوریا بەكاردەهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو ڕایگەیاند ئەمریكا كوردی سووریا بەكاردەهێنێت و دەڵێت "لە هەوڵداین لەگەڵ هەرێمی كوردستان و توركیا و سووریا كێشەی كورد لە سووریا چارەسەربكەین".

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە پەرلەمانی وڵاتەكەی  پەرلەمانی ئەو وڵاتەكەی باسی سیاسەتی ئێرانی كرد لەبەرامبەر رۆژئاوای كوردستان و وتی "هەڵوێستی ئێمە زۆر روونە، ئێمە رامانگەیاندووە تەنیا رێگەی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی توركیا، بوونی سەربازی حكومەتی ناوەندی سووریایە لە ناوچە سنوورییەكان و بەپێی رێككەوتنی ئادانا ئەو كارە دەكرێت، بەڵام لەڕێگەی هەنگاونان دژی یەكپارچەیی و سەروەری سووریا ناكرێ ئاسایش دابین بكرێت".

زەریف وتیشی "لە كۆبوونەوەكانی ئاستانە، سەرۆك كۆمار راشكاوانە ئەو پرسەی خستووەتەڕوو و لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئیستەنبووڵیش ئەو پرسەی بە راشكاوانە باسكردووە".

دەشڵێت "بەدڵنیاییەوە كۆماری ئیسلامی ئێران بڕوای وایە، ئاسایشی ناوچەكە بە جێبەجێكردنی دوو بناغە دابیندەكرێت، یەكەمیان رێزگرتنە لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاك و ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەكە و دووەمیش پاراستنی مافی هەموو دانیشتووانە بەتایبەت خوشكان و برایانی كوردمان، ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ سووریا و توركیا جەختمانكردووەتەوە و پێداگریی دەكەین و ئامادەیی خۆشمان دەربڕیوە، هاوكاریی بكەن بۆ ئەوەی حكومەتەكانی سووریا و توركیا بتوانن ئەو كێشەیە بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان و بە ئامادەبوونی هیزە سوورییەكان و بە پاراستنی شكۆی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، چارەسەربكەن".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریكای تۆمەتباركرد بەوەی هەوڵدەدات بە پشتیوانی لە گرووپێكی كوردی سووریا بەكاریان بهێنێت و وەك سەربازی خۆیان كەڵكیان لێ وەرگرێت وتی "هەڵبەتە ئەم پرسە بچووكە و برایان و خوشكانی ئێمە لە سووریا بەدڵنیاییەوە دژی ئەو هەنگاوەن و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە عێراق بەشێوەی فەرمی ئەو سیاسەتەیان قبوڵ نییە، ئێمە هەوڵدەدەین بە هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكومەتی سووریا و هەموو گرووپەكانی كورد لە سووریا ئەو كێشەیە بە هەماهەنگی لەنێوان هێزە سەربازییەكانی سووریا و توركیا و بەبێ دەردەسەری بۆ كورد و عەرەبی ناوچەكە، چارەسەربكەین".



PM:03:37:06/10/2019